لە مانگی داهاتووەوە لە پارێزگای سلێمانی مووچەی خانەنشینی بە ئەلیکترۆنی دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوبەرێک لە بانکی پیشەسازیی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لە مانگی داهاتوودا مووچەی خانەنشینیی مەدەنی بە شێوەی کارتی ئەلیکترۆنی دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە، 24-1-2023، پەروین غەریب، بەڕێوەبەر لە بانکی پیشەسازیی سلێمانی بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە مووچەی خانەنشینیی مەدەنی، هاوشێوەی خانەنشینیی مامۆستایان و فەرمانبەران بە شێوەی کارتی ئەلیکترۆنی دەبێت و مووچەکانیان لە بانکی پیشەسازی دەگوازرێتەوە بۆ تێرمیناڵی شارەزوور.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان، 15 فەرمانگەی هەیە. 
 
لەشکری ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەمساڵ مووچەی خانەنشینان بکرێتە ئەلیکترۆنی و بەگوێرەی پلانەکانمان ئەمساڵ پڕۆسەکە تەواو دەبێت."
 
رۆژی 29 و 30ـی ئاداری 2022، لە سلێمانی لە کاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی؛ سێ خانەنشین بەهۆی قەرەباڵخییەوە گیانیان لەدەستدا. 
 
بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵخی و رێکخستنەوەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی داناوە سیستمی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بکرێتە ئەلیکترۆنی.