لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد و پیرۆزبایی بردنەوەی جامی کەنداوی لێیان کرد. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "ئەم سەرکەوتنە بۆ عێراق و عێراقییەکان گرنگ بوو، چونکە هەموو عێراقییەکانی لە دەوری سەرکەوتنەکەدا کۆکردەوە، پەیامێکیشی گەیاندە جیهان کە عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ."
رۆژی سێشەممە 24-01-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد بۆ بردنەوەی جامی کەنداو 25. لە دیدارەکەدا وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، پارێزگارەکانی هەولێر و بەسرە، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسان ئامادەی بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ، هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بردنەوەی جامی کەنداو لەلایەن هەڵبژاردەی عێراقەوە، سەرکەوتنی تەواوی وڵاتە و دڵی هەموو عێراقییەکانی لە سەرتاسەری وڵات خۆش کرد. هەر بەو بۆنەیەشەوە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕى."