رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد و پیرۆزبایی بردنەوەی جامی کەنداوی لێیان کرد. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "ئەم سەرکەوتنە بۆ عێراق و عێراقییەکان گرنگ بوو، چونکە هەموو عێراقییەکانی لە دەوری سەرکەوتنەکەدا کۆکردەوە، پەیامێکیشی گەیاندە جیهان کە عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ."
رۆژی سێشەممە 24-01-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد بۆ بردنەوەی جامی کەنداو 25. لە دیدارەکەدا وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، پارێزگارەکانی هەولێر و بەسرە، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسان ئامادەی بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ، هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بردنەوەی جامی کەنداو لەلایەن هەڵبژاردەی عێراقەوە، سەرکەوتنی تەواوی وڵاتە و دڵی هەموو عێراقییەکانی لە سەرتاسەری وڵات خۆش کرد. هەر بەو بۆنەیەشەوە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕى."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکەدا لەسەر بانگهێشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چووە بەسرە و بەشداریی لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکەدا کرد.
وەک نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "ئەم سەرکەوتنە بۆ عێراق و عێراقییەکان گرنگ بوو، چونکە هەموو عێراقییەکانی لە دەوری سەرکەوتنەکەدا کۆکردەوە، پەیامێکیشی گەیاندە جیهان کە عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ."
عێراق دوای 13 رۆژ لە میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە، توانیی بۆ جاری چوارەم لە مێژوویدا نازناوەکە بباتەوە و دوای زیاتر لە 35 ساڵ، ببێتە پاڵەوانی جامی کەنداو. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ هەڵبژاردەی عێراق خواست و هەموو پشتگیرییەکی بۆ دووپاتکردەوە."
هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق لە جامی کەنداو 25 کە لە بەسرە بەڕێوەچوو، بووە یەکەم، ئەوەش دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی عەممان لە یاریی کۆتاییدا بە 3 گۆڵ بەرامبەر 2 گۆڵ. لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی پارێزگاری بەسرە، رێکخەران، هێزە ئەمنییەکان و هەموو ئەو لایەنانەش کرد کە رۆڵیان لە بەڕێوەچوونی "سەرکەوتووانەی" پاڵەوانیەتییەکەدا هەبوو.
رۆژی هەینی هەڵبژاردەکە گەیشتە بەغدا و رۆژی شەممەش لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشوازییان لێکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ