رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەو کەسانەی لە شەقامی غەزالیی هەولێر کاردەکەن و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت هەیە، دوای چۆڵکردنی شوێنەکە قەرەبوو دەکرێنەوە.
رۆژی سێشەممە، 24-1-2023، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەقامی غەزالی موڵکی شارەوانیی هەولێرە، کاتی خۆی بەشێک لەوانەی لەوێ دەستیان بە کارکردن کرد مۆڵەتیان لە حکومەت وەرگرت و گرێبەستیان هەیە، بەشێکی دیکەشیان بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لەوێ کاریان کردووە کە ئەوەیان دەچێتە چوارچێوەی زێدەڕۆیی، ئێستا بڕیاردراوە هەموویان شوێنەکە چۆڵبکەن و ئەو شوێنە تێکبدرێت و بگەڕێتەوە بۆ شارەوانیی هەولێر."
بە گوتەی هێمن قادر، سەرجەم ئەو کەسانەی لە شەقامی غەزالی کاردەکەن و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت هەیە، قەرەبوو دەکرێنەوە، ئێستا رۆژانە لەگەڵ شارەوانی لەوبارەوە لەسەر هێڵن.
شەقامی غەزالی پڕۆژەیەکی گەشتیارییە، دەکەوێتە سەر شەقامی 100 مەتری لە شاری هەولێر. پڕۆژەکە لە چەندین کافێ و رێستۆرانت پێکهاتووە.
جێگری پارێزگاری هەولێر گوتی: "تائێستا بڕیار لەبارەی شوێنەکە نەدراوە کە دوای تێکدانی دەکەوێتە چوارچێوەی چ پڕۆژەیەکەوە، دواجار ئەوە زەویی شارەوانییە و خۆیان بڕیاری لەبارەوە دەدەن."
جێگری پاریزگاری هەولێر لەبارەی ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسانەی لە شەقامی غەزالی کار دەکەن گوتی: "زیاتر لە جارێک شارەوانی سەرجەم ئەو کەسانەی ئاگادارکردووەتەوە کە لەوێ کار دەکەن بۆ ئەوەی شوێنەکە چۆڵبکەن."
رۆژی یەکشەممە، 22-1-2023، خاوەنی قاوەخانەیەک لە شەقامی غەزالیی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە دەبێت دووشەممە (23ی ئەم مانگە)شوێنەکانمان چۆڵبکەین، ئێمە وامانزانی بڕیارەکەی شارەوانی کتوپڕە، بەڵام پێشتر سێ جار ئیدارەی پڕۆژەی شەقامی غەزالی ئاگادار کراوەتەوە بۆ چۆڵکردنی پڕۆژەکە، بەڵام ئێمە ئاگادار نەبووین."
یەکشەممەی رابردوو، نزار غەزالی، خاوەنی پڕۆژەی شەقامی غەزالی بە رووداوی راگەیاند، "ئاگادارکراوینەتەوە کە پڕۆژەی غەزالی تێکدەدرێت، ئێستا لە دانوستاندنداین لەگەڵ حکومەت بۆ گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ شوێنێکی باشتر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ