کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەی وان لە وێنەکانی ناسادا دەردەکەوێت

24-01-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو - هەولێر
 
پسپۆڕێکی ئاو لە زانکۆی یوزونجویڵ لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان رایگەیاند، ئەو وشکەساڵییەی کە لە حەوزی دەریاچەی وان دەرکەوتووە، لە وێنەکانی مانگی دەستکردی ئاژانسی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا)یشدا رەنگیداوەتەوە.
 
مستەفا ئاککوش، مامۆستای بەشی بەرهەمە ئاوییەکان لە شیکردنەوەی وێنەکانی مانگی کانوونی دووەم لە چوار ساڵی رابردوودا کە حەوزی دەریاچەی وان و دەوروبەری پیشان دەدەن، بۆی دەرکەوتووە، ئەمساڵ بەفر لە دەوروبەری حەوزەکە نەباریوە. 
 
مستەفا ئاککوش دەڵێت، وان و دەوروبەری بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو وشکترین زستانی بەخۆیەوە بینیوە و هێشتا بەفر لە ئاستی خوازراودا نییە و تەنانەت بەرزاییەکانی دەوروبەری شارەکەش بە بەفر دانەپۆشراوە.

 

وێنەی دەریاچەی وان 2020

 
ئاککوش گوتی: "حەوزی دەریاچەی وان حەوزێکی داخراوە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاو کە لە هاویندا پێویستی پێیەتی، بەهۆی بارینی بەفر لە زستاندا دەستەبەر دەبێت، لە وەرزی زستاندا کە بەفر کەم دەبێتەوە، وشکەساڵی لە حەوزەکەدا دەردەکەوێت. کاتێک سەیری وێنەکانی مانگی دەستکردی ناسا دەکەین کە دەریاچەی وان و دەوروبەری پیشان دەدات، ناوچەکە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە مانگی کانوومی دووەم بە تەواوی بە بەفر داپۆشراوە، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بەفری لێ نەباریوە". 
 
دەریاچەی وان گەورەترین دەریاچەی کوردستانە و رووبەرەکەی 3 هەزار و 713 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چوار دوورگەی تێدایە. رێژەی خوێ و سۆدە لە ئاوەکەیدا بەرزە. بەرزیی ئاستی ئاوەکە لە رووی دەریاوە هەزار و 646 مەترە.

 

وێنەی دەریاچەی وان 2021

 

وێنەی دەریاچەی وان 2022

وێنەی دەریاچەی وان 2023

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە