رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند دوای رووداوەکانی گرتووخانەی غوێران لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان حکومەتی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی زیاترەوە. راشیگەیاند 102 کامێرای گەرمبینی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابینکراوە و بەمنزیکانە بەسەر سەنگەرەکاندا دابەشدەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی کانوونی دووەمی 2022، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ سەرپەرشتیاری میحوەرەکان و فەرماندە و لیواکانی هێزەکانی پێشمەرگە کۆبووینەتەوە و پێمانگووتوون لە حاڵەتی وریایی زیاتربن، بۆ ئەوەی نەوەک خوانەخواستە لەم کاتەدا کە سەرما و سۆڵەیە تیرۆریستان دەرفەتەکە بقۆزنەوە و پەلاماری پێگەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بدەن، وەکو ئەوەی لە عوزێم لە دیالە روویدا و بووە هۆی کوژرانی 11 سەربازی سوپای عێراق".
سەبارەت بەکاریگەریی رووداوەکانی گرتووخانەی "غوێران"ی پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان و مەترسی هێرشی چەکدارانی داعش لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و سوپای عێراق، فەریق جەبار یاوەر گوتی: "بێگومان ئەو رووداوانەی سووریا وایکردووە عێراقیش بکەوێتە ئامادەباشییەوە و هەموو هێزەکانی عێراق لەسەر سنووری سووریا- عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامەدەباشی. تەنانەت عێراق لە دەورووبەری زیندانەکانی خۆشی بەتایبەت ئەوانەی کە گیراوی داعشیان تێدایە پاسەوانی زیادکردووە و ئێمەش ئەوەمان کردووە و هێزەکانمان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە".
سەبارەت بە دابینکردنی کامێرای گەرمبین، کە یەکێک بوو لە کەموکورتییەکانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بە تایبەتی دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر چەند سەنگەرێکی پێشمەرگە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، گوتی: "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە سوپاسەوە 50 کامێرای گەرمبینییان بۆ دابینکردین و بەسەر میحوەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دابەشکران، ئێستاش 102 کامێرای گەرمبینمان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ دابینکراوە و بەمنزیکانە بەسەر یەکە و سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە سەرتاسەری سەنگەرەکانی بەرگری دابەشدەکرێن بۆ تۆکمەترکردنی ئەو سەنگەرانە و ئامادەباشی زیاتر بۆ هەر ئەگەرێک".
کاژێر 9:50ی شەوی 27-11-2021، چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵانی سنووری ناحیەی کوڵەجۆی سەر بەقەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان بەقەناس و هاوەن هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە. دوای بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکان، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی پێشمەرگەدا تەقیەوە و بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.
هەروەها کاژێر 10:17ی شەوی 29-11-2021، شەش چەکداری داعش بە شەش ماتۆڕسکیلەوە هێرشیانبردە سەر پێنج سەنگەری فەوجی 1ی لیوای 9ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر بەرزاییەکانی نزیک لە بەنداوی باوەشاسوار و دوو پێشمەرگەیان بە ناوەکانی محەممەد مەنسوور و یەحیا عادل فەرەج شەهیدکرد.
شەوی 2-12-2021ش ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر گوندی خدرجیجە لە شارۆچکەی مەخموور؛ لەو هێرشەدا 13 کەس شەهیدبوون، کە سێیان سڤیل بوون و 10شیان پێشمەرگە بوون.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، فەریق جەبار یاوەر، گوتی "وەک پێشتر لەگەڵ عێراق رێککەوتین رۆژانە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و کەمینی هاوبەش و دەورییەی هاوبەشمان پێکەوە هەیە لەو ناوچانەی کە پێویست دەکات تێیدا هەبین پێکەوە".
شەوی پێنجشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2022، لە رێگەی چەند ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر گرتووخانەیەکی حەسەکە، کە بە گرووخاتەی سناعە یان غوێران ناسراوە و 5000 چەکداری پێشووی داعشی تێدایە. هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزێکی زۆری لە دەوروبەری گرتووخانەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: تاوەکو ئێستا بە دەیان چەکداری داعشیان کوشتووە و هەروەها سەتان چەکداریشیان دەستگیرکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ