لە شەڕی دوو ساڵەی داعشدا 80%ی شارۆچکەی بێجی وێران بووە

24-01-2021
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
دیمەنێک لە شوێنێکی وێرانبووی شارۆچکەی بێجی
دیمەنێک لە شوێنێکی وێرانبووی شارۆچکەی بێجی
نیشانەکردن شارۆچکەی بێجی داعش
A+ A-
 
رووداو - شارۆچکەی بێجی

وێرانکاریی هەموو شوێنێکی بێجیی گرتووەتەوە و حکومەتی عێراقیش زۆربەی زیانلێکەوتووانی قەرەبوو نەکردوونەتەوە. لە ماوەی دوو ساڵی حوکمڕانیی داعشدا 80%ی شارۆچکەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەددین وێران بوو، دانیشتووانەکەی لە 173هەزار کەسەوە بوون بە 60 هەزار کەس.
 
غازی مەجید، دانیشتووی بێجی بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت ''ئومێدی پاڵپشتیمان لە حکومەتی ناوەندی هەبوو دوای تەقاندنەوەی خانووەکانمان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ قەرەبوویەکی ئەو خانووانە نەکراوینەتەوە کە تەقێندراونەتەوە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئێمە کاردەکەین و هێدی هێدی دروستی دەکەینەوە، بەڵام وەکو قەرەبوو بە هیچ شێوەیەک وەرمان نەگرتووە".
 
نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری، بێ کارەبایی، بێ ئاوی و نەبوونی هەلی کار، بەربەستی بەردەم نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی بێجییە، پێنج ساڵە حکومەتی عێراق هیچ پرۆژەیەکی پێنەگەیاندووە و دانیشتووانەکەی نیگەران بوون.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، وەستای چاککردنەوەی تەلەڤیزیۆن دەڵێت ''لەم کۆڵانە 20 ماڵ هەیە، تەنیا چوار ماڵ گەڕاونەتەوە، تەنیا چوار ماڵ کە خاوەنی رەسەنی خانووەکان بوون، هۆکارەکەشی ئەوەیە خانووەکانیان وێران بووە چۆن بگەڕێنەوە، کارەبا نییە و ئاو نییە، بۆ بگەڕێنەوە؟ دەچنە سلێمانی و دهۆک و هەولێر و بەغدا باشترە".
 
محەممەد جابر، فەرمانبەری خانەنشین گوتی ''من شەهیدم هەیە، لە ساڵی 2014 شەهید بوون، فڕۆکە بۆردوومانی کردن و سێ کەسم لەدەستچوو، ماڵەکەشم وێران بوو، مامەڵەم پێشکەش كردووە، بەڵام راوەستا، وابزانم مامەڵە کۆنەکان بەڕێدەکەن و خەڵکێکی زۆر قەرەبووی وەرنەگرتووە".
 
لە هەردوو بوجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بۆ ساڵەکانی 2019 و2020 پارێزگای سەڵاحەددین 318 ملیار دیناری بۆ تەرخان کرابوو، بەڵام هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بۆ بێجی جێبەجێ نەکرا.
 
محەممەد جبوور، یاریدەدەری پارێزگاری سەڵاحەددین دەڵێت ''بێجی بە تەواوەتی وێران بوو، ژێرخانەکەی و ماڵ و تەنانەت کاریگەریی لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتیش دروستکرد، تاوەکو ئێستا زۆرینەی دانیشتووانی بێجی و سینیە بەهۆی بێداری و دووبارە نۆژەن نەکردنەوە نەگەڕاونەتەوە، لایەنی قەرەبووکردنەوەش سستە، وەکو ئەوە نەبوو کە چاوەڕوان دەکرا".
 
جگە لە وێرانکارییەکانی داعش، لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی بێجی لە ساڵی 2015 زیانی زۆری بەرکەوتووە.‬ بێجی ژێرخانە ئابوورییەکەشی وێران بوو، دوو گەورەترین پاڵاوگەی نەوت و رووبەرێکی فراوانی بەرهەمهێنانی گاز، ئێستا بە رێژەی 75% لەکارکەوتوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە