شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە گەڕایەوە بەغدا

24-01-2021
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
فراکسیۆنە شیعییەکان کە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتیشن، پێیانوایە دەبێت گوشار و مەرجەکانی سەر هەولێر زیاتر بکرێن
فراکسیۆنە شیعییەکان کە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتیشن، پێیانوایە دەبێت گوشار و مەرجەکانی سەر هەولێر زیاتر بکرێن
نیشانەکردن بودجە
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

شاندی دانوستاندنکاری ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە گەڕانەوە بەغدا، دوای زنجیرە کۆبوونەوەیەک بۆ جێگیرکردنی پشکی 12.67%ی هەرێمی کوردستان لە بودجە، ئێستا دەبێت دانوستاندن بۆ ئەوە بکەن کە لایەنە شیعییەکان لەکاتی تێپەڕاندنی رەشنووسی بودجە کەمی نەکەنەوە.
 
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت "کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەبێت، بێگومان ئەو شاندە کە لێرە دەمێنێتەوە لەم دوو رۆژەدا گەر پێویست بکات لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان و لایەنەکانی دیکەش کۆدەبنەوە، مەبەستمان ئەوەیە ئەو ئاستەنگییانەی دێنە پێشمان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە پێش دانیشتنی پەرلەمان چارەسەریان بکەین، ھەرچەندە تێبینیی زۆرمان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ھەیە، بەڵام بۆ واقیعی ئێستا ئاوا تێپەڕێندرێت باشە، چونکە غەدرێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان کراوە".
 
سەرەڕای دانوستاندنە چڕ و یەک لەدوای یەکەکانی هەولێر و بەغدا، هێشتا فراکسیۆنە شیعییەکان کە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتیشن، پێیانوایە دەبێت گوشار و مەرجەکانی سەر هەولێر زیاتر بکرێن.
 
وەلید سھێلان، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی نەسر ئاماژەی بەوە کرد "ئێستا بە شێوەیەکی ناوەندی باشە، چونکە ناتوانرێت ھەموو لایەنەکان رازیبکرێن، بڕوام وایە کۆمەڵێک کێشە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ھەیە، تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن لەگەڵ شاندی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک ھەردوولا پێی رازیبن".
 
نەسیم عەبدوڵڵا، ئەندامی ھاوپەیمانیی فەتح دەڵێت "ئەگەر ھەردوولا نەرمی بنوێنن لەسەر پرسی پشکی ھەرێم، ئەمە لەلایەک و لە لایەکی دیکەشەوە داھاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان ئەوا بێگومان دەگەنە رێککەوتنێک کە ھەدوولا پێی رازین، بەڵام ھێشتا ھەندێک لە کوتلە سیاسییەکان تووندن لەسەر ئەوەی کە دەڵێن دەبێت ھەرێم نیازپاکیی خۆی نیشانبدات بە رادەستکردنی ئەم داھاتانە بە حکومەتی فیدراڵی".
 
کورد لە ساڵی 2003وە تاوەکو ساڵی 2013، دە ساڵی زێڕینی حوکمڕانیی هاوبەشی لەگەڵ عێراق تێپەڕاند، بەڵام گۆڕانکارییە نێوخۆیی و ناوچەییەکان وایانکردووە، ئێستا بۆ چەسپاندنی پشکی ساڵانەی لە بودجەیەک کە دەستووری عێراق مسۆگەری کردووە، دەبێت دوای دەیان کۆبوونەوە و دانوستاندن لەگەڵ حکومەت، بە نیگەرانییەوە چاودێریی تێپەڕاندنی لە پەرلەمان بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە