پێنج ئەندامی یەک خێزان بەهۆی گڕگرتنی زۆپا لە کامپی دارەشەکران سووتان

24-01-2021
سیروان عەباس
وێنەی زۆپا تەقیوەکە کە بەرگریی شارستانی بڵاویکردووەتەوە
وێنەی زۆپا تەقیوەکە کە بەرگریی شارستانی بڵاویکردووەتەوە
نیشانەکردن سووتان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی تەقینی زۆپایەکی غاز لە کامپی دارەشەکران، پێنج کەس سووتان کە ئەندامی یەک خێزانن. بەرگریی شارستانیش دەڵێت، تەندروستییان جێگیرە.
 
رائید سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 9:50ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەهۆی تەقینەوەی زۆپایەکی غاز لە ماڵێکی کامپی دارەشەکران، پێنج کەس (دوو ژن و سێ منداڵ) برینداربوون.
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش رائید سەرکەوت گوتی: "ئەو زۆپایەی تەقیوەتەوە بە غاز و کارەباش کاردەکات، پێشتر بەهۆی دروستبوونی کونیلەیەکەوە غازی لێچووە و لەگەڵ هاتنەوەی کارەبادا ئاگری گرتووە و تەقیوەتەوە".
 
بریندارەکان:  قومری محەممەد، لەدایکبووی ساڵی 1960، خۆخە ئیبراهیم، لەدایکبووی ساڵی 1984، لەگەڵ سێ منداڵی دیکە کە لە ساڵی 2005، 2007 و 2011 لەدایکبوون.
 
لەبارەی تەندروستی بریندارەکانیشەوە گوتەبێژی پۆلیسی بەرگریی شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو گەیێندرانە نەخۆشخانە تەندروستیان جێگیربوو، ئێستاش لە نەخۆشخانەی ئێمرجنسیی هەولێر چارەسەریان بۆ دەکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە لە رۆژئاوای شاری بەغدا، بەهۆی شۆرتی کارەباوە ماڵێک گڕی گرت و سەرجەم ئەندامانی خێزانی ماڵەکە سووتان و گیانیان لەدەستدا.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە