لە هەولێر هەڵمەتێک بۆ دەرهێنانی خاشاک و تایەی ئۆتۆمبێل لەنێو ئاوەڕۆکان ئەنجامدرا


رووداو - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانی لە سنووری چەند گەڕەکێکی ناو شاری هەولێر بۆ خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆکان ئەنجامدا بۆ دەرهێنانی خۆڵ و خاشاک و تەنانەت تایەی ئۆتۆمبێلیش.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر داوای لە هاونیشتمانیان کردووە، پاشماوە، خۆڵ و خاشاک و کەلوپەلی لەکارکەوتوو فڕێنەدەنە نێو مەنهۆڵی ئاوەڕۆکانەوە، چونکە دەبێتەهۆی کۆبوونەوەی ئاوێکی زۆر و دروستبوونی لافاو.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆكانی هەولێر بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی GIZی ئەڵمانی هەڵمەتێکیان لە گەڕەكەكانی مامۆستایانی زانكۆ، برایەتی، ئیبن مستەوفی و سەربەستی بۆ خاوێنكردنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆكان و چاڵی ئاو وەرگرتن و چاڵی پشكنین ئەنجامدا کە بەهۆی فڕێدانی تایەی ئۆتۆمبێل و خۆڵ و خاشاکێکی زۆرەوە کێشە بۆ ئاوەڕۆی ئەو گەڕەکانە دروستبووبوو.
 
ڕۆژی دووشەممە 9-12-2019، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی خزمەتگوزاریی راوێژكاری بۆ دروستکردنی پرۆژەی ئاوەڕۆی هەولێری ڕاگەیاند کە پرۆژەکە لەلایەن ئاژانسی جایكای ژاپۆنییەوە جێبەجێ دەكرێت، پرۆژەكە پرۆژەیەکی ستراتیژیی گەورەیە و چارەسەری كێشەكانی ئاوەڕۆ و ئاوی قورس لە هەولێر دەكات بە دروستكردنی هێڵە سەرەكییەكانی ئاوەڕۆی قورس بە درێژایی 75 کیلۆمەتر و دروستكردنی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورس لە دووریی 11 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێر كە توانای چارەسەركردنی 105 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە رۆژێكدا هەیە.
 
بە گوتەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە لە هەولێر، مەترسییە تەندروستی و ژینگەییەکان كۆتاییان دێت و كێشەی ئاوی قورسی هەولێریش نامێنێت.