لە هەولێر خوێندكارێكی زانكۆ خۆی دەخنكێنێ

رووداو – هەولێر

"تكایە ئاگاداری خوشك و براكانم بن، با مۆبایل زۆر بەكارنەهێنن". ئەمە داواكاریی رەوا بووە بەر لە خۆخنكاندنی، هەر لە نامەكەدا دەڵێت شەوان زۆر گوێی لە قورئان گرتووە، بەڵام نەیتوانیوە خۆی بدۆزێتەوە. داواشی لە دایك و باوكی كردووە گەردنی ئازاد بكەن.
 
کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی 08-01-2020 گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ بەناوی رەوا فوئاد، دانیشتووی گەڕەكی ژیان لە شاری هەولێر، لە نێو ماڵەكەی خۆیدا خۆی خنكاند. رەوا خوێندكاری قۆناغی دووەمی بەشی ماتماتیك بوو لە كۆلێژی بنەڕەتیی زانكۆی سەلاحەددین. 
 
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: "دوای ئەوەی پۆلیس لە رووداوەكە ئاگادار كرانەوە، چوونە شوێنی رووداوەكە و تەرمەكەیان رەوانەی پەیمانگای پزیشكی دادی هەولێر كرد". گوتیشی كە دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە".
 
سەبارەت بە هۆكاری خۆخنكاندنی ئەو گەنجە، هۆگر عزیز گوتی: "ئێمە لە قۆناخی لێكۆڵینەوەداین، نازانین هۆكاری خۆخنكاندی چییە. ئەو گەنجە نامەیەكی لە دوای خۆی جێهێشتووە داوا لە دایك و باوكی دەكات گەردنی ئازاد بكەن".
 
مامۆستا فوئاد كە باوكی رەوایە، دوای تەواوبوونی پرسەی كوڕەكەی قسەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی: "رەوا زۆر حەزی لە بەشی ئینگلیزی بوو، بەڵام ناوی لە بەشی ماتماتیك گەڕایەوە، حەزی لەو بەشە نەبوو، بەڵام لەسەر داوای من دەستی بە دەوام كرد، ساڵی یەكەم دەیگوت وانەكانم زۆر گرانن و هیچیان لێ‌ تێناگەم".
 
سەرەڕای ئەوەی حەزی لە بەشی ماتماتیك نەبوو، بەڵام رەوا قۆناغی یەكەمی كۆلێژی بە سەركەوتوویی تەواو كرد، كەچی لە قۆناغی دووەمدا زۆر بە كەمی دەوامی دەكرد، ئەوەش باوكی نیگەران كردبوو.
 
باوكی رەوا باسی هەڵسوكەوتی كوڕەكەی دەكات و دەڵێت: "رەوا زۆربەی كات شەوان هەتا درەنگ خەریكی یاریی پەبجی بوو، هەر بەو هۆیەوە زۆرجار بەیانیان بە ئاگا نەدەهات و نەدەچوو بۆ دەوام، بەڵام بەمدواییە وازی لە پەبجی هێنابوو، زۆرتر گوێی لە گۆرانی و قورئان دەگرت".
 
مامۆستا فوئاد كاتێك دەزانێت كوڕەكەی باری دەروونیی جێگیر نییە، دەیباتە لای پزیشكێكی دەروونی. باوكی رەوا دەڵێت: "دوای ئەوەی بردمە لای پزیشكی دەروونی، پزیشكەكە قسەی لەگەڵ كرد و گوتی تۆ كوڕێكی رۆشنبیری، بەشی زانستیت تەواو كردووە، بۆچی ناتەوێ بخوێنی؟ پاشان هەندێك چارەسەری پێدا".
 
 رەوا چارەسەرەكانی بەكارهێناوە، بە گوتەی باوكی لەگەڵ بەكارهێنانی چارەسەرەكانی باش بووە و بەمدواییە زۆربەی كات گویێ لە قورئان دەگرت، وازی لە یاری پەبجیش هێنابوو.
 
باوكی رەوا باسی دوایین  پەیوەندی نێوان خۆی و كوڕەكەی دەكات و دەڵێت ئەو رۆژەی خۆی خنكاند، سەعات نۆی سەر لەبەیانی تەلەفۆنی بۆ كردووە، داوای لێكردووە بچێت گەنم بداتە مریشكەكان. ئەویش گوتبووی باشە. رەوا ئەو رۆژە ئەگەرچی لە كۆلێژ تاقیكردنەوەی هەبووە، بەڵام نەچووە بۆ دەوام. 
 
نزیكەی سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ برا بچووكەكەی رەوا لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە و چەند جارێك بانگی رەوا دەكات، وەڵام ناداتەوە، دوایی داوا لە برا گەورەكەی دەكات تەلەفۆنێك بۆ رەوا بكات، كاتێك برا گەورەكەی تەلەفۆن دەكات، زەنگی مۆبایلەكەی رەوا لە هەورەبانی ماڵەكەیانەوە دەنگی دێت، كە برا بچووكەكەی دەچێتە سەرەوە، دەبینێ‌ رەوا خۆی خنكاندووە.
 
مامۆستا فوئاد ئەو كاتەی هەواڵی خۆخنكاندنی كوڕەكەی پێدراوە لە قوتابخانە بووە، بۆیە لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەكەیان بە پەلە دەگەڕێتەوە ماڵەوە.
 
دوای گەڕان كەسوكارەكەی نامەیەكی رەوایان دۆزییەوە كە نازانرێ‌ چەند پێش خۆخنكاندنەكەی نووسیویەتی. مامۆستا فوئاد باسی ناوەڕۆكی نامەكە دەكات و دەڵێت: "لە نامەكەدا دەڵێت باوكە گیان زۆرم خۆشدەوێی، دایكە گیان تۆشم خۆشدەوێت. لێم تووڕە مەبن من لە ژیان بێزار بووم، شەوان زۆربەی كاتەكان گوێم لە قورئان دەگرت بەڵام هەست دەكەم خۆم ون كردووە، گەردنم ئازاد بكەن. ئاگاداری خوشك و براكانم بن، مۆبایل زۆر بەكارنەهێنن،  هەندێك پارەم هەیە بیدەنە كەسێك یان ماڵێك كە هەژار بن و پێویستیان پێبێت.. خواتان لەگەڵ".
 
باوكی رەوا پێیوایە تاكە هۆكاری خۆخنكاندنی كوڕەكەی ئەوە بوو كە زۆر مۆبایلی بەكارهێناوە و زۆریش یاریی پەبجی كردووە، ئەگەرنا نە لە ماڵەوە و نە لە كۆلێژیش كێشەی لەگەڵ كەس نەبووە.