بەهۆی بۆردوومانەکەی تورکیا لە دێرەلووک چوار کەس گیانیان لەدەستداوە

رووداو - دهۆک

چوار کەس بەهۆى بۆردوومانەکەى تورکیا لە گوندى زلیی لە دەڤەرى نهێلی گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هێشتا تەرمی دوو کەسیان نەدۆزراونەتەوە، دوو گەنجی دیکەش بێسەروشوێنن.

کاژێر 13:00ـی رۆژی چوارشەممە فڕۆکەکانى تورکیا گوندى زلیی و چەند ناوچەیەکى دیکەی دەڤەرى نهێلێ سەر بە شارۆچکەی دێرەلووکیان لە قەزای ئامێدى بۆردوومانکرد. درەنگانی شەوی رابردوو هەواڵی گیانلەدەستدانی دوو کەس راگەیێندرا و ئەمڕۆ بەخاکدەسپێردرێن. بەپێی دوایین زانیاری دوو گەنجی دیکەش لە هەمان بۆردووماندا گیانیان لەدەستداوە. 

ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی دێرەلووک و شیلادزێن. بەهۆی دووری ناوچەکە درەنگانێکی شەوی رابردوو تەرمی دوو کەسیان دۆزرانەوە. دەیان کەسی خەڵکی ناوچەکە شەوی رابردوو بە پێ بەرەو شوێنی رووداوەکە لە بەرەو گەلى رەشاڤە رۆیشتن. 

ئیدریس رێکانى، دانیشتووى دێرەلووک بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو شوێنەى بۆردوومانکراوە رێگەی ئۆتۆمبێلی نییە، نزیکەى دوو کاژێر بە پێ لە دێرەلووکەوە دوورە. ئێمە کاژێر 12ـی شەو گەیشتینە شوێنى رووداوەکە. بەهۆی گەورەیی بۆردوومانەکە سۆراخی تەرمی دوو کەسیان دیار نییە".

ئیدریس رێکانى گوتیشی "چوار لەو گەنجانە خزمى یەکدین، دوویان پێشمەرگەن. بەهۆی نەبوونى کار و لە ناچاریدا چووبوونە راوە ماسى لەسەر رووبارى زێى گەورە".

محەممەد سەلیم نێروەیی، بەرپرسى ناچەی پارتى لە دێرەلووک بە (رووداو)ی راگەیاند، تەرمی دوو لەو گەنجانە بە ناوەکانی "ئازاد شاهین و وەحید باقى" گەیێندرانەوە شارۆچکەکە و بەخاکسپێردراون، بەڵام تەرمەکانی "رێدار محەممەد تاهر و ئازاد مەجید" هێشتا نەدۆزراونەتەوە.

محەممەد نێروەیی دەشڵێت "دوو گەنجی دیکەش چارەنووسیان نادیارە بەڵام هێشتا نازانرێ بەر بۆردوومانەکە کەوتوون، برینداربوون یان خۆیان شاردووەتەوە".

سامى ئوشانە، بەڕێوەبەرى شارۆچکەی دێرەلووک بە (رووداو)ی راگەیاند "تاوەکو ئێستا تەرمی دوو کەس گەیشتووەتە دێرەلووک، هێشتا چارەنووسى ئەوانی دیکە دیارنییە. ئەمڕۆ کەسوکاریان چوونە شوێنى رووداوەکە و ئێمەش چاوەڕێدەکەین بزانین چیان بەسەرهاتووە".

 مەلا ئیحسان رێکانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە مەراسیمی بەخاکسپارنی تەرمی دوو گەنجەکە رایگەیاند "ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان دڵگرانین، پێش هەموو شتێک ئیدانەی ئەو بۆردوومانەمان کردووە و بەتووندیش ئیدانەی ئەو کارە تیرۆریستیانە دەکەین. خوازیارین هەر کەسێک ببێتە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل لەو ناوچەیە دوورکەوێتەوە، داوا دەکەین شەڕی خۆیان ببەنە شوێنی خۆیان، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە لەو ناوچەیە نەبێتە قوربانی".

مەلا ئیحسان رێکانی گوتیشی "ئەمە جاری یەکەم نییە، لە ماوەی ساڵێکدا 18 کەس لێرە بوونەتە قوربانی. سێ کەسی دیکەش بە دەستی پەکەکە گیانیان لەدەستداوە واتە 21 کەس. وەک فراکسیۆنی پارتی بە تووندی ئیدانەی ئەو کارانە دەکەین و داوا دەکەین سنوورێک بۆ ئەوکارانە دابنرێت و چیدیکە خەڵکی سڤیلی ئێمە نەبێتە قوربانی ململانێی نێوان حیزبێک یان دەوڵەتێک، خەڵکی ئێمە بێدەسەڵاتە و هیوادارین کەس دەستدرێژی نەکاتە سەر ئەو خەڵکە".

عومەر ئورەیى، بەرپرسی لقی 18ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی گوتی "ئەوە چەندەمین جارە کارەساتی لەو شێوەیە لەسەر دەستی سوپای تورکیا لەم دەڤەرە روودەدات، تاوەکو ئێستاش لەگەڵ ئەو دوو شەهیدە ژمارەیان دەبێتە 16 قوربانی لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا".

زیاتر لە 20 ساڵە تورکیا بە بەهانەى هەبوونى بارەگاکانى پەکەکە ناوچەکانى باشوورى کوردستان و سنوورى پارێزگاى دهۆک بۆردوومان و تۆپباران دەکات. بەهۆى بۆردوومان نزیکەى 360 گوندى پارێزگای دهۆک چۆڵکراون، جگە لە زیانى مادى تەنیا لە ساڵى رابردوودا 10 کەس لە سنوورى قەزای ئامێدی گیانیان لەدەستداوە.

 


داڕشتنەوە: حەکیم داود