باخەوانی باخچەیەكی ساوایان خۆی دەسووتێنێ

رووداو- كەركووك

باخەوانی باخچەیەكی ساوایان لە شاری كەركووك لە نێو ماڵەكەی خۆیدا نەوتی بەخۆیدا كرد و ئاگری لە خۆی بەردا. كەسوكارەكەی دەڵێن نەخۆشیی دەروونی هەبووە، بۆیە خۆی سووتاندووە.

عەلی خورشید، 55 ساڵ، دانیشتووی گوندی كۆڵدەرەی سەر بە شارۆچكەی پردێی نزیك شاری كەركووك و باخەوانی باخچەی ساوان بوو، شەوی 16/1/2017 خۆی سووتاند و مرد.

عەقید محەممەد تەڵعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارتی لە شارۆچكەی پردێ بە (رووداو)ی گوت، ئەو پیاوە لە ماڵی خۆیدا خۆی سووتاندووە، بە گوتەی خێزانەكەی و خوشكەكەی، چەند ساڵێك لەمەوبەر بەهۆی كەوتنە خوارەوەی لە تراكتۆر تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە، بەڵام لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە هێشتا بەردەوامە.

والی خورشید، برای عەلی، دوو رۆژ دوای رووداوەكە زانیاری زیاتری بە (رووداو) راگەیاند و روونیكردەوە، براكەیان هەر لە منداڵییەوە تووشی نەخۆشیی پەركەم بووە و بردوویانەتە لای پزیشك، بەڵام رۆژ بەڕۆژ  حاڵی خراپتر بووە. گوتیشی "هەر بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە ئاگای لە خۆی نەدەما و دەكەوت، بۆ سەلماندنی نەخۆشییەكەشی، راپۆرتی پزیشكیمان هەیە".

عەلی لە كۆتایی حەفتاكانەوە ژنی هێناوە، بەڵام منداڵیان نەبووە و نزیكەی شەش ساڵیش بوو باخەوانی باخچەیەكی ساوایان بوو. والی گوتی "بۆ ئەوەی تووشی رووداوی نەخوازراو نەبێت بەردەوام ئاگامان لێی بوو، بەڵام ئەو شەوە تەنیا خێزانەكەی لە ماڵەوە بوو كە خۆی سووتاندووە".

هەندرێن عەبدوڵڵا، توێژەری دەروونی بە (رووداو)ی راگەیاند، هەموو نەخۆشییەكی دەروونی ئەگەر تا ماوەیەكی زۆر درێژە بكێشێ، زۆرجار  وا لەو كەسە دەكات بیر لەخۆكوشتن بكاتەوە. هەندرێن گوتی "پەركەم، نەخۆشییەكی درێژخایەنە و پەیوەندی بە مێشكەوە هەیە، لەبەرئەوەی زۆرجار ئەو نەخۆشە بەهۆی پەركەمەوە دەكەوێت، بەو هۆیەوە تووشی زەبری دەرەكیی دیكە دەبێت و ئەوەش تووشی خەمۆكی و خراپتربوونی حاڵەتی دەروونی دەكات، زۆرجاریش بێزار دەبێت و بیر لە خۆكوشتن دەكاتەوە".

زۆرتر ژنان لەكاتی كێشەدا پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبەن، بەڵام لەماوەی سێ هەفتەدا لە كوردستان چوار پیاو خۆیان سووتاندووە و هەر چواریشیان مردوون. یەكەمیان كۆتایی مانگی رابردوو لە شاری هەولێر، لە سەرەتای ئەم مانگەش پیاوێك لە سلێمانی و بەساڵاچوویەكیش لە رانیە خۆیان سووتاند.

70%ی ئەوانەی خۆیان دەكوژن نەخۆشن

هەندرێن عەبدوڵڵا، توێژەری دەروونی دەڵێت 70%ی حاڵەتەكانی خۆكوشتن و هەوڵدان بۆ خۆكوشتن، پەیوەندی بە باری دەروونییەوە هەیە، سەبارەت بە خۆسووتاندنی پیاوانیش، هەندرێن گوتی "پیاوان زیاتر بەهۆی پەت و گوللەوە خۆیان دەكوژن، بۆیە ئەو كەسانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە، كەسە نزیكەكانیان كە دەزانن بێزارن و رەنگە پێشتریش هەوڵی خۆكوشتنیان بەو ئامرازانە دابێت، چەك و ئامرازەكانی خۆخنكاندنیان لێ دووردەخەنەوە، بۆیە لەو حاڵەتانەدا پیاوان پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبەن".