عەبدولحەکیم بەشار: تاوەکو پەکەکە دەستی لە رۆژئاوای کوردستاندا هەبێت گرفتەکان چارەسەر نابن

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێت، ''تاوەکو دەستی قەندیل لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت، کێشەکان چارەسەر نابن''؛ گوتیشی، ئەحمەد شەرع قبووڵی ناکات هەسەدە و هیچ لایەنێکی دیکە چەکدار بمێننەوە.
 
چەند رۆژێکە شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە دیمەشقن. ئەمڕۆ (دووشەممە، 23-12-2024) عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و نوێنەری ئەنەکەسە بە هەڵکەوت عەزیز، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو لە دیمەشقی راگەیاند، ''ئێمە وەکو کورد، دەمانەوێت بەشدار بین لە ئاوەدانکردنەوەی سووریای نوێ و بەڕێوەبردنی لە داهاتوودا.''
 
عەبدولحەکیم بەشار گوتی، لە دیمەشق لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە لایەنە سیاسییەکانی سووریا کۆبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)ـیان نەبینیوە.
 
دوای ئەوەی رۆژی 8ـی کانوونی یەکەم، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و لە میدیای فەرمیی دەوڵەتەوە رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند، گرنگیی دیالۆگی کوردی - کوردی لە رۆژئاوای کوردستان زیاتر بوو.
 
نوێنەری ئەنەکەسە ئاماژەی دا، ''بڕیار لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە نییە، بەڵکو بڕیار لە قەندیلە، تاوەکو دەستی قەندیل لە رۆژئاوای کوردستان دا هەبێت، کێشەکان چارەسەر نابن.''
 
دیالۆگی کوردی - کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـەوە گفتوگۆکانیان راگیراون.
 
عەبدولحەکیم بەشار جەختی لەوە کردەوە، ''دەبێت یەکڕیزی لەسەر بنەمای راستبێژی دروست بکرێت، پێویستە [پەیەنەکە] پەیوەندیی خۆی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بپچڕێنێت.''
 
تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی، پێیانوایە پەیەنەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەدیاریکراوی باڵی سەربازیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـن. 
 
گوتیشی، ''بۆ یەکڕیزی و چارەسەرکردنی گرفتەکان، دەبێت چالاکیی پەکەکە لە کوردستانی سووریا قەدەخە بکرێت و (پەیەدە و هەسەدە) کەسانی بیانی لە ریزەکانیان دووربخەنەوە.''
 
شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان هەوڵی لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان دەدەن و لەگەڵ ئەنەکەسە، پەیەنەکە و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بەمەبەستی دانوستاندن لەسەر حکومەتی داهاتووی سووریا و بەڕێوەبەریی رۆژهەڵاتی رووباری فورات و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان، بچنە دیمەشق.
 
هەر لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ئەنەکەسە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆببنەوە. عەبدولحەکیم بەشار ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی گفتوگۆ دا لەگەڵ هەسەدە، کۆمەڵێک بابەت دەخەنە بەرباس، ''لەوانە دیاریکردنی چارەنووسی رفێندراوانی ئێمە، ئەوانەی کوژراون یان بێسەروشوێن کراون.''
 
ئەو نوێنەرەی ئەنەکەسە باسی لەوە کرد، دوو بابەتی سەرەکی هەن کە دەبێت بەر لە چوون بۆ دیمەشق یەکلایی بکرێنەوە، ''یەکەم دەستی پەکەکە لە رۆژئاوا ببڕێت، دووەم دیاری بکرێت بۆ کورد داوای چی دەکەین و لەسەری رێکبکەوین.''
 
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد داوای سیستمی فیدراڵی بۆ حکومەتی داهاتووی سووریا دەکات، ئەوە لەکاتێکدایە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن ئەم سیستمەیان قبووڵ نەکردووە. عەبدولحەکیم بەشار دەڵێت، ''ئێمە قبووڵ ناکەین وەکو کەمینە مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت، ئێمە وەکو کورد نەتەوەیەکی سەرەکین لە سووریا.''
 
لەبارەی رەتکردنەوەی سیستمی فیدراڵیش لەلایەن بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانەوە گوتی، ''ئەوە دەگەڕێتەوە سەر بۆچوونی خۆیان، بەڵام کاتێک گفتوگۆ دروست بکرێت، بۆیان روون دەکەینەوە سیستمی فیدراڵی نابێتە هۆی دابەشکردنی سووریا، بەڵکو دیموکراسی سەقامگیرتر دەکات."
 
عەبدولحەکیم بەشار ئەوەشی خستەڕوو، ''بەگشتی لە ژێر هەر ناوێک بێت، ئێمە دەمانەوێت کورد خۆی لە بواری سیاسی، کارگێڕی و سەربازییەوە خۆی بەڕێوەببات.''
 
دوێنێ، ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لە پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو لە سووریا و چەکداماڵینی هێزە سەربەخۆکان کردەوە.  
 
ئەو نوێنەرەی ئەنەکەسە دەڵێت، ''باوەڕ ناکەم ئەحمەد شەرع چەکداربوونی هەسەدە و هێزەکانی نێو هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنیش قبووڵ بکات، بەڵکو دەیەوێت بە دروستبوونی سوپایەکی یەکگرتوو، سووریایەکی یەکگرتوو پێکبهێنرێت''.