وەزارەتی دارایی وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە؛ "ماوەیەکە ئیشی خۆی لە بیر کردووە"

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی، پارەی تیمەکانی تەندروستیی کوتانی سوورێژەی نەداوە، وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ماوەیەکە ئیشی خۆی لەبیرکردووە و هەرجارەی قسە لەسەر چەند بابەتێکی ژمێریاری و دارایی دەکات".
 
سۆران عومەر لە بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو، دوێنێ یەکشەممە رایگەیاند، عێراق لە 8-10-2024ـەوە، بڕی نۆ ملیار و 90 ملیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە بۆ ئەوەی بەسەر ئەو تیمانەدا دابەشبکرێت کە کوتانی سوورێژەیان کردووە، "بەڵام هەرێمی کوردستان دابەشی ناکات".
 
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی رووداو، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەک پیشەی هەمیشەیی بەناو کەوتووە و ماوەیەکە ئیشی خۆی لە بیر کردووە و هەر جارەی قسە لەسەر چەند بابەتێکی ژمێریاری و دارایی دەکات بەبێ ئەوەی هیچ پسپۆڕییەکی لە بوارەکەدا هەبێت".
 
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، "لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژە بە نووسراوی ژمارە (190677) دەکات کە لە (8-10-2024) لە فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەرچووە و تیایدا هاتووە بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو (المناقلە) بە بڕی (90,090,765,000)، نۆ ملیار و نەوەد ملیۆن و حەوت سەد و شەست و پێنج هەزار دینار لە نێوان (موازنة الأبواب) (40/9/5) لە فەرمانگەی بودجە بۆ فەرمانگەی ژمێرکاری تایبەت بە هەڵمەتی کوتان لە سەرتاسەری عێراق".
 
وەزارەتی دارایی سێ خاڵی وەکو روونکردنەوە داناوە و دەڵێت، "وەک وەڵامێک بۆ چەواشەکارییە بەردەوامەکانی سۆران عومەر و لەپێناو بەلاڕێدانەبردنی رای گشتی بە پێویستمان زانی ئەم راستیانە بخەینەڕوو".
 
1- ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە تەرخانکراوە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق نەک تەنیا هەرێمی کوردستان وەک لە خشتەی هاوپێچدا لە خوارەوە روون کراوەتەوە.
 
2- پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە بریتییە لە (1,078,294,000) یەک ملیار و حەفتا و هەشت ملیۆن و دوو سەد و نەوەد و چوار هەزار دینار کە لە سێ بڕگەدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە (پاداشتی تیمەکان و کرێی هاتووچۆ و خەرجی هاتووچۆ )، لەو رووەشەوە ئێمە بە نووسراوی ژمارە (7066) لە رێکەوتی (24-11-2024) کە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستیمان کردووە و کاری خۆمان ئەنجامداوە و چاوەڕێی تەواوکردنی رێکارەکانی تەمویل کردنین.
 
3- وەک راستکردنەوەیەک بۆ روونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە پارەیە تەنیا بڕیاری گواستنەوە (المناقلە) دراوە، تاوەکو پارەکە تەمویل نەکرێت بۆ سەر هەژماری بانکیمان ناتوانرێت هیچ رێکارێکی خەرجکردنی بۆ ئەنجام بدرێت.
 
وەزارەتەکە بە سۆران عومەر دەڵێت، "بۆ بەئاگاهێنانەوەی سۆران عومەر (تکایە بەدیقەت نووسراوەکە بخوێنەرەوە، ئەوە بڕیاری مناقەلەیە نەک تەمویل) و هەموو ئەو کەسانەی بەبێ زانیاری قسە لەسەر بابەتی دارایی و ژمێریاری دەکەن، تەرخانکردن جیاوازە لە تەمویل کردن، هێشتا یەک دیناری ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لە لایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان".
 
لە لایەکی دیکە، شەوی رابردوو، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ بەڕێز سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە گوایە زیاتر لە دوو مانگە وەزارەتی دارایی عێراق پارەی داوە بە حکومەتی هەرێم بۆ بەشداربووانی هەڵمەتی کوتانی سوورێژە کە لە بەهاری ئەم ساڵ ئەنجامدرا، بەڵام تائێستا پارەکە دابەش نەکراوە. بە پێویستی دەزانین بۆ رای گشتی رایبگەیێنین کە راستەوخۆ دوای تەمویلی ئەم پڕۆژەیە لە مانگی 10ی ئەم ساڵ، حکومەتی هەرێم رەزامەندی داوە و لە رێگەی وەزارەتی دارایی رێکارەکانی دارایی ئەنجام دراوە و پێش چوار رۆژ بڕیاری خەرجکردنی لە وەزارەتی تەندروستی دەرچووە بە نوسراوی ژمارە 31809 لە 18/12/2024".
 
ئەوەش هاتبوو، "ئیشعاری بانکەکانی پەیوەندیدار کراوە و هیچ کێشەیەکی نییە کە بەداخەوە ئەم بەڕێزە بێ ئاگا قسەی لێ دەکات، هەر بۆ زانین گوژمەی باسکراو بۆ هەموو عێراقە کە هاوشێوەی کوردستان تازە رێکارەکان چوونەتە بواری جێبەجێکردن نەوەک تەنیا هەرێمی کوردستان. بۆ زانین لە ماوەی رابردوو هەڵمەتێکی فراوانی نیشتمانی کوتان بۆ پێدانی پێکوتەی سوورێژەی تێکەڵاو MMR لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەچوو".
 
هەر شەوی رابردوو، سۆران عومەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وەڵامی وەزارەتی تەندروستی دایەوە و رایگەیاند، "کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی تەندروستی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و نووسراوێکی بێ ژمارەی بە هامشی واژۆیەکی سەوز بە بەرواری 32-10-2024 بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت دەست بە دابەشکردنی پارەی تیمەکانی کوتانی سوورێژە دەکەین".
 
سۆران عومەر هەروەها گوتی، "ئەلحەمدولیلا پاش ئاشکراکردنی ئەو بابەتە لە کەناڵی رووداو بەپەلە دەست بە دابەشکردنی دەکەن".