وەزارەتی ناوخۆ: دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش پاسپۆرت دەربهێنن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، لەمەودوا هاووڵاتییان لە هەر پارێزگایەک بیانەوێت دەتوانن پاسپۆرت دەربهێنن. دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن لە پارێزگایەکانی دیکەی عێراق پاسپۆرت دەربهێنن.
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دووشەممە، 23-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ یەکەمینجار لە مێژووی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دا، هاووڵاتییانی عێراقی لە هەر نووسینگەیەکی پاسپۆرت لە هەر پارێزگایەکی عێراق بێت دەتوانن پاسپۆرت بە رێگەی ئەلیکترۆنی دەربهێنن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونیان.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پاسپۆرتەکە لە رووی ئەمنییەوە زۆر رەسەن و نایابە، لە 2024ـەوە خزمەتگوزاریی زۆر نایابی پێشکێشکردووە، بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت گەندەڵی تێدابکرێت .
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، عەمید میقداد میری گوتی، لەمەودوا دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە بەغدا و بەسرە و هەر پارێزگاکانی دیکە عێراق بیانەوێت، پاسپۆرت بە رێگەی ئەلیکترۆنی دەربهێنن. بەپێچەوانەشەوە دانیشتووانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش، دەتوانن لە نووسینگەکەکانی پاسپۆرت لە هەرێمی کوردستان پاسپۆرت دەربهێنن یان نوێی بکەنەوە.