نێچیرڤان بارزانی بۆ وەزیری بەرگریی هۆڵەندا: بەشداریتان لە شەڕی دژ بە تیرۆر بەرز دەنرخێنم

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ساتی پێشوازیی نێچیرڤان بارزانی لە وەزیری بەرگریی هۆڵەندا
ساتی پێشوازیی نێچیرڤان بارزانی لە وەزیری بەرگریی هۆڵەندا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
لەبارەی دیدارەکەوە، نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "خۆشحاڵ بووم بە سەردانی روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا. هەرێمی کوردستان پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ هۆڵەندا بەرز رادەگرێت و بەشداریی شانشینەکە لە شەڕی دژ بە تیرۆر دەنرخێنم. دەمانەوێت هاوبەشی و هەماهەنگیمان [لەگەڵ هۆڵەندا] بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت".
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پتەوکردنی سەقامگیریدا کرا و هەوڵەکانی چاکسازی و یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ لە چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی کاروباری پێشمەرگەدا، خرایە بەر باس.
 
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونه‌وه‌کەدا شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سه‌رۆک، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری کاروباری پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی هه‌ردوولا ئامادەی‌ بوون، پەیوەندییەکانی هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرگری و راهێنانی سەربازیدا، تاوتوێ کران.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەردوولا جەختیان لەسەر بره‌ودان به‌ هه‌موو بواره‌کانی په‌یوه‌ندی و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە هۆڵەندییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کردەوە".
 
 
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی هۆڵەندای کرد بۆ پشتگیریی بەردەوامی هێزەکانی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش و ستایشی رۆڵی هێزە هۆڵەندییەکانی کرد لە راهێنان و بەهێزکردنی تواناکانی پێشمەرگەدا، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "وەزیری بەرگریی هۆڵەندا جەختی لەسەر پابەندیی وڵاتەکەی بە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایشی ناوچه‌که‌دا. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی کاری هاوبەش، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی دۆخی ئێزدییان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی ناوچه‌که‌، به‌تایبه‌تی گۆڕانکارییه‌کانی سووریا و لێکه‌وته‌کانی و چه‌ند پرسێکی دیکه‌ی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌".
 
روبن بریکلمانس لەم سەردانەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، سەربازان و راوێژکارەکانی وڵاتەکەی بەسەر دەکاتەوە.
 
هۆڵەندا لە کاتی شەڕی دژی داعشەوە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا لە هەرێمی کوردستانە و هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.
 
پرۆفایلی رووبن برێکلمانس:
 
- تەمەنی 38 ساڵە
- لە 02-07-2024 بووەتە وەزیری بەرگری هۆڵەندا.
- لە ئاداری 2021 بۆ تەممووزی 2024 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هۆڵەندا بووە.
- ئەندامی پارتی گەل ئازادی و دیموکراسی (VVD)ـیە.
 
سێ بڕوانامەی هەیە:
- بەکالۆریۆس لە بواری هونەر و زانستە ئازادەکان لە زانکۆی تیلبۆرگی هۆڵەندا.
- ماستەر لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی لەندەنی بەریتانیا.
- ماستەر لە بواری کارگێڕیی گشتی لە زانکۆ هارڤاردی ئەمریکا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە