رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد، لە ناوچەی تل بەیدەر لە گوندەواری باکووری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان لە کۆبوونەوەدان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 23-12-2024، کۆبوونەوەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد- ئەنەکەسە، بە نێوبژیوانی شاندێکی ئەمریکی - فەرەنسی دەستیپێکردووە و تاوەکو ئامادەکردنی ئەو هەواڵە کۆبوونەوەکە بەردەوامە.
ئامانجی کۆبوونەوەکەی دوو لایەنەکەی رۆژئاوای کوردستان، نزیککردنەوەی بۆچوونەکانە بە مەبەستی پێکهێنانی شاندێکی یەکگرتووی کورد، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رۆژی یەکشەممە بە رووداوی راگەیاندبوو، لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ پارتەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کورد (پەیەنەکە) و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆدەبنەوە.
فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان وەکو ئەنەکەسە ئامادەن لەگەڵ مەزڵووم عەبدی بگەنە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی بە شاندێکی هاوبەش بچنە شام و بەرگری لە مافی کورد بکەن.
گوتەبێژی ئەنەکەسە هەروەها گوتی: "مەسەلە هەر ئەوە نییە کە بە شاندێکی هاوبەش بچینە شام و تەواو، بەڵکو هەندێک شت هەن کە پێویستە لەگەڵ پەیەدە لەسەری رێکبکەون.
دیالۆگی کوردی - کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـەوە گفتوگۆکانیان راگیراون.
شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان هەوڵی لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان دەدەن و پێشتر بە جیا لەگەڵ ئەنەکەسە، پەیەنەکە و مەزڵووم عەبدی کۆبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ