رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێک و برینداركردنی كەسێكی دیکە، تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە.
رۆژی دووشەممە، 23ی کانوونی یەکەمی 2024، رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە گەڕەكی قولەڕەیسیی شاری سلێمانی شەڕەچەقۆ لەنێوان چەند كەسێكدا دروستبوو، لە ئەنجامدا كەسێک بەچەقۆ كوژراو كەسێكی دیکە بریندار بوو.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی گوتی: "دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە؛ پشکنین و هێڵكاری بۆ شوێنی تاوانەكە کرا؛ لێكۆڵنەوەكان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری هەڵاتوو دەستیپێكرد."
رائید سەرکەوت ئەحمەد روونیکردەوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا لە ماوەی كەمتر لە دوو کاژێردا، تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێت.
تۆمەتبارەکە ناوی (ع. ئـ. ع)ـە لە دایکبووی ساڵی 2001ـە. پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبار بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراق (کە تایبەتە بە تاوانی کوشتن) راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ