هەسەدە لە رۆژهەڵاتی منبج دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی منبج دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک لە دژی چەکدارانی 'سوپای نیشتمانیی سووریا' کردووە و دەیان چەکداریان کوشتووە و تانکێکیان تێکشاندووە. هەروەها چەند گوندێکیان رزگار کردووە.
 
دووشەممە، 23-12-2024، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج دەستیان بە هەڵمەتێکی پشکنین کردووە بۆ گردەکان و گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین کرد و لە زیاتر لە قۆڵێکەوە پێشڕەوی دەکەن و چەند شوێنێکیان کۆنتڕۆڵکردووە.
 
ئەنجوومەنی سەربازی منبج، کە سەر بە هەسەدەیە، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی ناوناوە (شەهید عەزیز عەرەب منبج) ئەنجوومەنەکە رۆژی دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج هێرشێکی بەرپەرچدانەوەیان لە دژی چەتەکانی داگیرکاری تورکیا لە گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین دەستپێکردووە."
 
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا کە هەر ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج رایگەیاندووە، "10 تەرمی چەکدارانی سەر بە داگیرکەری تورکیادا کەوتوونەتە دەست هێزەکانمان، چەکدارێکیشمان دەستگیر کرد."
 
هەروەها هەسەدەش رایگەیاند، "تانکێکی چەتەکانی داگیرکەری تورکیا لە هەڵمەتێکی دژە-چەتەکاندا" لە دەروەبەری بەنداوی تشرین تێکشێندراوە.
 
ئەنجوومەنی سەربازی منبج دیمەنی ئۆپەراسیۆنەکەی بڵاوکردووەتەوەو  شەڕڤانان باس لە کۆنتڕۆڵکردنی چەند گوندێک لە دەروبەری بەنداوی تشرین دەکەن. هەروەها لە دیمەنەکان دەردەکەوێت تەرمی چەکداران لەسەر رێگاکان کەوتوون و ئۆتۆمبێلە سەربازنییەکانیان تێکشکێندراون."
 
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی چەکدارانی هەتەشە بە ناوی "بەرپەرچدانەوەی شەڕانگێزی" لە 25ی 11ی 2024 لە دژی سوپای سووریا، چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گزنگی ئازادی" راگەیاند، بەڵام ئەوان هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردەوە و دەستیان بەسەر ناوچەی شەهبا و منبج دا گرت، ئێستاش دەیانەوێت دەست بەسەر بەنداوی تشریندا بگرن، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.