رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئیسماعیل، سکرتێری پەدەکەسە دووپاتی کردەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆدەبنەوە، بەڵام "کێشەکە کۆبوونەوەکە نییە، ئێمە کۆدەبینەوە،" بەڵام دووپاتی دەکەنەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە ببڕدرێت.
محەممەد ئیسماعیل، لە کاتی بەشداریکردنی لە نوورۆژی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "ئێمە توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشی وڵاتانمان نییە، بۆیە دەبێت گفتوگۆ بکەین، ئێمە بۆ پرسی دیالۆگی کوردی- کوردی لەگەڵ فەرەنسی و ئەمریکییەکان لە دانوستاندنداین، داواکارییەکانمان روون و ئاشکران و دەبێت پەکەکە سووریا بەجێبهێڵێت.
محەممەد ئیسماعیل، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا رایدەگەیەنێت، تا پەکەکە لە سووریا بێت، مەترسی هێرشی تورکیا هەر دەمێنێتەوە.
سکرتێری پەدەکەسە رایدەگەیەنێت، "پێویستە پەیەدە کۆمەڵێک خاڵی متمانە دروستبکات و گەنجەکانمان جارێکی دیکە بەزۆر نەبردرێنە سەربازگە و بەرەکانی شەڕ. دەشبێت پەیەدە قەرەبووی زیانەکانمان بکاتەوە و بەندکراوان ئازاد بکات."
سەبارەت بە هەڕەشەکان بۆ سەر شاری کۆبانێ، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا رایگەیاند، هەموو ئەو هەوڵانە بۆ یەکڕیزیی ماڵی کورد بۆ دوورکەوتنەوە لەو هەڕەشە و مەترسیانەیە.
سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی هێزی رۆژ یان پێشمەرگەی رۆژئاوای کوردستان، محەممەد ئیسماعیل دەڵێت، ئەو هێزە لە گەنجانی رۆژئاوای کوردستانەوە دروست بووە و بەشێک دەبێت لە ئایندەی سووریا و جێگای نیگەرانی نییە بۆ هیچ لایەنێک، بەڵام ئێستا کاتی گەڕانەوەی هێزی رۆژ نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ