لەدوای رووخانی ئەسەد نزیکەی 90٪ بەرهەمهێنانی کێپتاگۆن کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی یەعفوری دیمەشق لە نزیک سنووری لوبنان، کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی حەبی کێپتاگۆن دۆزرایەوە کە بە "گەورەترین کارگەی" سەر سنووری لوبنان دادەنرێت.
لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، سووریا بە پایتەختی بەرهەمهێنانی هۆشبەر دادەنرا.
یاسین عەلی، چەکداری دەستەی تەحریر شامە و دەڵێت، "لەوکاتەی سەرقاڵی پشکنینی ناوچەکە بووین، ئەم کارگەیەمان دۆزییەوە. خەڵکی ناوچەکە رایانگەیاند کە کارگەکە لەلایەن فیرقەی چواری سوپای سووریا سەرپەرشتی دەکرا. فەرماندەی ئەو هێزەش ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد بوو. ئەم کارگەیە گەورەترین کارگەیە لەسەر سنووری لوبنان."
ئەبو زیهاب، چەکداری دەستەی تەحریر شامە و دەڵێت، "کێپتاگۆن لەم کارگەیە بەرهەم دەهێنرا تاوەکو خێزانەکانمانی پێ بکوژن. لەدوای ئازادکردنی وڵاتەکە، دانیشتووانی گوندەکە لەگەڵ هێزەکانمان ناوچەکەیان پشکنی و ئەم کارگەیان دۆزییەوە."
سووریا بە سەرچاوەی سەرەکیی بازرگانی بە حەبی کێپتاگۆن دادەنرا و بەگوێرەی راپۆرتێکی بانکی جیهانی، داهاتی ساڵانەی بۆ دەسەڵاتی بەشار ئەسەد 5 ملیار دۆلار بووە.
سووریا لە رێگەی قاچاخەوە ئەو حەبەی رەوانەی وڵاتانی ناوچەکە دەکرد و سعودیەش گەورەترین بازاڕی ساخکردنەوەی بووە.
سووریا لەنێو بارە میوە و کاڵای دیکەەوە، کێپتاگۆنی رەوانەی عێراق، تورکیا و ئوردنیش دەکرد.
دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: "ئەسەد بازرگانێکی مادە هۆشبەرەکان بوو کە لە رێگەی کێپتاگۆن و دارایی نایاساییەوە پارەی رژێمەکەی دابین دەکرد."
سووریا بەرپرسیار بووە لە بەرهەمهێنانی 80٪ـی حەبی کێپتاگۆن لە جیهاندا و بەرپرسانی ئەورووپیش رایانگەیاندووە لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد، بەرهەمهێنانی ئەو حەبە هۆشبەرە لە وڵاتەکەدا 90٪ کەمیکردووە.