دوو گەنجی خەڵکی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان 8 رۆژە لە فەرەنسا بێسەروشوێنن
رووداو دیجیتاڵ
دوو گەنجی خەڵکی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەشت رۆژە لە رێگەیان بۆ بەریتانیا بێسەروشوێن بوون و بەپێی زانیارییەکان، ئەو بەلەمەی کە ویستوویانە لە فەرەنساوە پێی بچنە بەریتانیا ژێرئاوکەوتووە.
بەپێی ئەو زانیارییەی کە تۆڕی میدیایی رووداو لە کەسوکاری ئەو دوو گەنجەوە دەستی کەوتووە، لە رۆژی 15-12-2023ـدا لە رێی گەیشتن بە بەریتانیا، لەنێو بەلەمێکدا بوون کە 66 کەسی لەسەر بووە و لە نزیک فەرەنسا بەلەمەکەیان ژێرئاوکەوتووە.
رێوان حوسێن، لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا کە ئەرکی بەدواداچوون بۆ سۆراخی کۆچبەرانی کورد لە فەرەنسا گرتووەتە ئەستۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە ئاگاداری ئەو دۆسیەین و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ماڵباتی گەنجەکان و پۆلیسی فەرەنساش هەیە، بەڵام سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان پێنەداوین."
گەنجەکان هیوا مستەفایی، تەمەن 27 ساڵان و نیما شەهسواری تەمەن 25 ساڵان، لە 15ـی ئەم مانگەوە پەیوەندییان لەگەڵ ماڵباتەکانیان نەماوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی هەینی، 15ـی کانوونی یەکەمی 2023، دەستەی پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا بڵاویکردەوە، کاژێر 01:00ـی بەرەبەیان بە کاتی فەرەنسا (کاژێر 3:00ـی بەرەبەیان بەکاتی هەولێر) بەلەمێکی کۆچبەران کە لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتبوو، ژێرئاوکەوت و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا. دواتر دەرکەوت ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە کوردە و خەڵکی حاجیاوایە و ناوی راوێژ شێخ رەئووفە.
رۆژی یەکشەممە، 17-12-2023، مەهدی بنبۆزید، داواکاری گشتیی ناوچەی سان ئومێر لە فەرەنسا رایگەیاند، "کەسێک دادگایی کراوە کە تۆمەتی بە قاچاخبردنی ئەو بەلەمەی لەسەرە لە نۆکەندی ئینگلیز ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا."
لەبارەی ناسنامەی ئەو تۆمەتبارە، بنبۆزید گوتی، "ئەو کەسە خەڵکی کوردستانی سووریایە و لەدایکبووی 1993ـیە. ئەو بە تۆمەتەکانی کوشتنی بە ئەنقەست، بریندارکردن، مەترسیی خستنەسەر و قاچاخچێتی دادگایی کراوە."
راوێژ لەگەڵ دوو ئامۆزای دیکەی دوو مانگ بوو بەمەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا، کوردستانی بەجێهێشتبوو، جگە لەوان 62 کەسی دیکە لە بەلەمەکەدا بوون، دووئامۆزاکەی دیکە رزگارکراون و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی فەرەنسا لەژێر چاودێریی پزیشکدان.
نۆکەندی ئینگلیز دەکەوێتە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا و رۆژانە نزیکەی 500 کەشتی بەکاری دەهێنن.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاشکرای کردووە، تەنیا لە رۆژی هەینی، 15-12-2023، لانیکەم 292 کۆچبەر بە حەوت بەلەم خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، 55 کۆچبەر لەو ژمارەیە لەنێو یەک بەلەم بوونە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەریتانیا، ئەم ساڵ 29 هەزار کۆچبەر لەو رێڕەوە ئاوییەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەکە لە ساڵی رابردوودا 45 هەزار و 755 کۆچبەر بوو.