رێگەوبانی سلێمانی: 63٪ـی رێگەی کەلار - دەربەندیخان تەواوکراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، کارکردن لە رێگەی کەلار - دەربەندیخان بەردەوامە و نزیکەی 63٪ی کارەکانی تەواو بووە و رێگەی باشماخ - پێنجوێنیش کارکردن تێیدا دەستی پێکردووتەوە. دەشڵیت، ئەم ساڵ رێگەی نزیکەی 27 گوند قیرتاوکراون.
 
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، پرۆژەی رێگەی نێوان شارەکان کە پرۆژە ستراتیجییەکانی کەرتی رێگەوبانە لە پارێزگای سلێمانی تاوەکو ئێستا هیچ پرۆژەیەکیان 100٪ تەواو نەبوون، کارکردنیش لە دوو پرۆژەی سەرەکییان بەردەوامە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی گوتیشی، تاوەکو ئێستا لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە، هیچ بڕە بودجەیەک بۆ کەرتی رێگەوبان تەرخان نەکراوە، بەهۆی ئەوەی بودجە نەبووە، بەڵام ئەوان وەکو بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبان، لەسەر بودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتییەکە و وەزارەتی دارایی رێگەی چەند گوندێک قیرتاو کراوە.
 
گوتیشی، ئەم ساڵ نزیکەی 27 گوند قیرتاوکراوە، کە مەودای رێگەی گوندەکان جیاوازبوون لەنێوان 500 مەتر بۆ نزیکەی 2.5 کیلۆمەتر، هەروەها لە رێگەی دەرەوەی شارەکان، چەند رێگەیەکی سەرەکی نۆژەنکراونەتەوە لەوانە عەربەت - وارماوا، وارماوا - دەربەدیخان، تاسڵوجە - سلێمانی و خەلەکان - دووکان.
 
لەبارەی پرۆژەی رێگەی نێوان شارەکان، محەممەد جەلیل ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا کارکرکردن لە رێگەی کەلار - دەربەندیخان بەردەوامە و کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی خۆی دەکات و رێگەکە ئێستا نزیکەی 63٪ـی تەواو کراوە، هەروەها رێگەی باشماخ - پێنجوێن، نزیکەی مانگێکە کارکردن تێیدا دەستی پێکردووە کە درێژی ریگەکە 10 کیلۆمەترە و زیاتر لە 80٪ـی تەواو کراوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، رێگەی دێلێژە - سەنگاو درێژییەکەی زیاتر لە پێنج کیلۆمەترە و رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە کە پێویستی بە نزیکەی ملیارێک دینارە و لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بانگەوازی تەندەری بۆ کراوە و لە پرۆسەی تەندەریندایە بۆ ئەوەی قیرتاوبکرێت.
 
بەگوتەی محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی، بەشێک لەو رێگەیانەی هاتووچۆی پێدا دەکرێت، رێژەیەکی کەمیان ماوە بۆ ئەوەی رادەست بکرێن، بەڵام هێشتا دۆسییەکانیان دانەخراوە، لەوانە؛ قۆناخی یەکەمی رێگەی چوارقوڕنە - هیزۆپ 98٪ـی تەواو کراوە و هێشتا رادەست نەکراوەتەوە، رێگەی کەلار - کفری نزیکەی 98٪ـی تەواوکراوە و هێشتا رادەست نەکراوە و رێگەی سەیدسادق - هەڵەبجە نزیکەی 99٪ـی تەواوکراوە و هێڵکاری ماوە.
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی گوتیشی، قۆناخی دووەم لە پردی هیزۆپ - خەلەکان نزیکەی 40٪ـی تەواو کراوە و رێگەی وارماوا - دەربەندیخان نزیکەی 75٪ـی جێبەجێکراوە و کارکردن تێیدا راگیراوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت سێ پرۆژەی رێگەوبان لە هەرێمی کوردستان لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێبکات، لەو بڕە پارەیەی کە پشکی هەرێمی کوردستانە لەو قەرزەی بەغدا دەیەوێت وەریبگرێت.
 
محەممەد جەلیل دەڵێت، قۆناخی سێیەمی رێگەی خەلەکان - دووکان، هەموو رێکارە پێویستەکانی تەواوکراوە بۆ ئەوەی لە رێگەی قەرزی بانکی نێودەوڵەتییەوە جێبەجێ بکرێت، ئەوەی ماوە لەلای عێراقە، کەی عێراق قەرزەکەی وەرگرت، پشکی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
 
گوتیشی، لە هەرێمی کوردستان، سێ پرۆژە لەسەر بودجەی قەرزی بانکی ‌نێودەوڵەتی جێبەجێدەکرێت، لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کە هەرسێ پرۆژەکە نزیکەی 90 ملیۆن دۆلارە.