تورکیا کوژرانی شەش سەربازی لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی شەش سەرباز و برینداربوونی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی 13 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستانیش کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 23-12-2023) بڵاویکردەوە، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستان، لەو ناوچەیەی تورکیا بە 'ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ' ناوی دەبات، هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی سوپای تورکیا و لێیانداون. 
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی شەش سەربازی خۆی و گیانلەدەستدانی 13 گەریلای راگەیاندووە. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکەدا بەردەوامە. سوپای تورکیا راستەوخۆ لە ناوچەکەدا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیش کردووە. 
 
میدیای نزیک لە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، 23-12-2023) بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی 22-12-2023 گەریلا لە ناوچەی خواکورک، لە سێ لاوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا. هەر بەگوێرەی میدیای نزیک لە پەکەکە لەو هێرشەدا 36 سەربازی تورکیا کوژراون و 17 چەکیش کەوتوونەتە دەستی گەریلاکان. 
 
میدیای نزیک لە پەکەکە ناوی شەش لەو سەربازە کوژراوانەی بڵاوکردەوە کە ئەمانەن: رەمەزان گونای، مەحموود سەرینکان، چاغاتای ئەرەنۆغڵو، یاسین کاراجا، ئەمرە تاشکن و ئیسماعیل یازیجی.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18-4-2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان، بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
 
لەوەتەی ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردووە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی نزیکەی 840 گەریلا و کوژرانی نزیکەی 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی نزیکەی سێ هەزار سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی نزیکەی 400 گەریلای راگەیاندووە.