رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی یەکێک لەو کەسانەی راگەیاند کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە نزیک باڵەخانەی پارێزگا هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد.
موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە فەرمانی لیوا کاوە غەریب تیمێکی لە هێزەکانی پۆلیس توانییان شوێنی هێرشکارانی سەر هاونیشتمانییەکی کەرکووک دیاری بکەن کە لە رۆژی 18ی ئەم مانگە لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک ئەنجامیاندابوو."
گوتیشی، یەکێکیان دەستگیرکراوە و گەڕان بەدوای ئەوانی دیکەشدا بەردەوامە، تا بەپێی یاسا سزابدرێن. عەبدوڵڵا محەممەد، ئەو گەنجە بوو کە لە شەوی دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای کەرکووکەوە تێپەڕی و لەلایەن ژمارەیەک ئاهەنگگێڕی لایەنگری پارتە عەرەبییەکان خۆی و دوو هاوڕێی پەلامار دران.
عەبدوڵڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جلی کوردی لەبەربووە و کاتێک گەیشتووەتە نێو قەرەباڵخییەکە، دەیان کەس بەبێ هۆکار هێرشیان کردووەتە سەریان؛ گوتیشی، جگە لەوەی خۆی و هاوڕێکانی برینداربوون، ئۆتۆمبێلەکەشی زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ