رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان لە رووداوێکی هاتووچۆدا نۆ کەس برینداربوون.
ئێوارەی رۆژی 22ـی کانوونی یەکەمی 2023، لەسەر رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی سێوەرەک لە رووهای باکووری کوردستان، پاسێکی نەفەرهەڵگر بەهۆی تەمومژی چڕەوە وەرگەڕا و کەوتە نێو چاڵێکی نزیک رێگەکە. بەهۆیەوە 9 سەرنشینی ناو پاسەکە برینداربوون کە بەشێکیان مامۆستا بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی رووها، دوو لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
دوای رووداوەکە، ژمارەیەک ئەمبووڵانس روویانکردە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکان گواسترانەوە نزیکترین نەخۆشخانەی رووها.
رۆژی 9ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ئاماری 10 مانگی رووداوەکانی هاتووچۆی لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 461 هەزار و 10 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ بەهۆیەوە دوو هەزار و 525 کەس گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار و 281 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ