بەڕێوەبەری گشتیی ئیتڵاعاتی پارێزگای ورمێ گۆڕدرا


رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران، بەڕێوەبەری گشتیی ئیتڵاعاتی پارێزگای ورمێ گۆڕدرا.
 
رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئیتڵاعاتی پارێزگای ورمێ درەنگانی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە لە ورمێ بەڕێوەچوو و لە رێوڕەسمەکەدا وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران بە ئاماژەدان بە ناڕەزاییەکان گوتی، پلانی رووخاندنی کۆماری ئیسلامی شکستی هێنا.
 
ئیسماعیل خەتیب دەڵێت، ئاسایشی تەواو بۆ هەموو ناوچەکانی ئێران گەڕاوەتەوە و حکومەت هەموو تواناکانی دەخاتەگەڕ تاوەکو خزمەتگوزاری پێشکێشی خەڵک بکات.
 
لە رێوڕەسمەکەدا محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێش گوتی، هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنوورەکانی ئێران پاشەکشەیان کردووە، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ چەککردنیان و دەرکردنیان لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت.
 
ناوی بەڕێوەبەری نوێی ئیتڵاعاتی پارێزگای ورمێ و هۆکاری گۆڕینی بەڕێوەبەری پێشووی ئیتڵاعاتی ئەو پارێزگایە رانەگەیێندراوە. لە ئێران ناوی بەڕێوەبەر و بەرپرسانی وەزارەتی ئیتڵاعات بڵاوناکرێتەوە و زۆربەیان ناوی خوازراویان هەیە.