سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە یاوەریی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 23-12-2022، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دوای سەردانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی سەربازەکانی وڵاتەکەی و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە هەولێر کۆبوونەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد، سەرەکیترینیان پەیوەندییەکانی نێوان رۆما و هەولێر، شەڕی دژی داعش و دۆخی عێراق و ناوچەکە.
جۆرجیا میلۆنی دوو مانگە وەکو سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەستبەکاربووە و ئەمە یەکەم سەردانییەتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
وەک نەریتێکی ساڵانە، لە کریسمسدا سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی دەکات؛ ئەمساڵ ئەو سەربازانە بەسەردەکاتەوە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن.
ئیتاڵیا لە ساڵی 2014ەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشە؛ ئیتاڵیا 900 راوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەن کە زۆربەیان لە هەولێرن.
چەندیین جار و لە چەندین وێستگەدا بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە لە نێویاندا ماتیۆ رێنزی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیتاڵیا کە لە 20ی ئابی 2014 بە یاوەری شاندێکی باڵا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئیتاڵیا لە کانوونی دووەمی 2015ـەوە ئەم مەشق و راهێنانەی خوارەوەی بە پێشمەرگە داوە:
- هێرشبردن و بەرگریکردنی پیادە
- بەکارهێنانی دژەتانک
- بەکارهێنانی تۆپ و هاوەن
- بەکارهێنانی نیشانشکێنی (قەناس)
- فریاگوزاریی پزیشکیی سەرەتایی
- پووچەڵکردنەوە و خۆپاراستن لە مین و بۆمبی چێندراو