یەکێتیی زانایان: بڵندگۆکانی سلێمانی بە شەو دانرابوون نازانین کێ خاوەنیانە

23-12-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لقی سلێمانیی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، جێگری سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری سلێمانییان لە "پیلانێکی ژەهراویی جێندەریزم و هاوڕەگەزخوازەکان ئاگادارکردووەتەوە کە دەیانەویست بەرامبەر مزگەوتی گەورە بانگەشەی بۆ بکەن." سەرۆکی لقەکەش دەڵێت: "چوار بڵندگۆ لە سلێمانی و هەڵەبجە و رانیە هەڵگیراونەتەوە و کەس خۆیان لێ ناکات بە خاوەن، شەو بەدزییەوە دانراون."
 
رۆژی پێنجشەممە 22-12-2022، مامۆستا نەجمەدین شەمساوەیی، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی ئەو بڵندگۆیانەی لە سلێمانی هەڵگیرانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئاگادارکردنەوەی جێگری سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری سلێمانی بڵندگۆکان هەڵگیرانەوە کە کەسانێک بەدزییەوە و لەشەودا دایاننابوون بۆ ئەوەی رۆژی هەینی بانگەشەی جێندەریزم و هاوڕەگەزبازی پێبکەن."
 
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی زانایان سەری سوڕماوە لەو هەڵمەتەی بەناوی جێندەرەوە دەستیپێکردووە و دەڵێت: "ئێمە تێناگەین ئەو هەڵمەتە بۆ لەم کاتەدا دەکرێت، کە کورد بەدەستی دەیان کێشەوە دەناڵێنێت."
 
مامۆستا نەجمەدین شەمساوەیی گوتیشی: "کێشەکە ئەوەیە نازانین کێ ئەو بڵندگۆیانە دادەنێت، کەس خۆیان لێ ناکات بە خاوەن و ئەگەر ئەوانەی دایدەنێین با خۆیان ئاشکرا بکەن، چونکە ئێستا بشمانەوێت سکاڵا بکەین نازانین لەسەر کێی بکەن."
 
رۆژی چوارشەممە، لقی سلێمانیی یەکێتیی زانایان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی هەڵگرتنەوەی بڵندگۆی کردبوو و تێیدا هاتووە: "رێگە نادەین جێندەریزم و هاوڕەگەزبازەکان پیلانە ژەهراویەکانیان جێبەجێ بکەن.. دوای ئاگادارکردنەوەی نووسینگەی تایبەتی کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، دوای ئەوەی پەیوەندیمان بە بەڕێزیشیانەوە کرد و لەو پیلانە ژەهراوییە ئاگادارمانکردنەوە بە سوپاسێکی زۆرەوە هەردوولایان خەمخۆرانە پاڵپشتی خۆیان بۆ داواکەمان دەربڕی و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانییان راسپارد کە هاوکار و پشتیوانمانبن لە پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە ژەهراوییەی جێندەرێزم و هاوڕەگەزخوازەکان دەیانویست لەڕێگای بڵندگۆوە لەناو جەرگەی شار و بەرامبەر مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی، سیمبولی ئایینی و جوانی ئەو شارە لەسەر بازاڕەکانی کاسۆمۆڵ و ئاوباریک بانگەشەی بۆ بکەن." 
 
مامۆستا نەجمەدین شەمساوەیی، کە پێیوایە دەستپێکردنی هەڵمەتەکە لەو کاتانەدا دەستی دەرەکی و ناوخۆشی لەپشتەوەیە وای دەبینێت، هەندێک کەس دەیانەوێت "کورد لەسەر رێچکەی بابوباپیرانی دەربهێنن." و دەڵێت: "بابەتی جێندەریزم و ئەمانە لەناو میللەتانی ئێمەدا نەبووە و کورد خانزادی میری سۆران و حەپسەخانی نەقیب و مەستوورەی ئەردەڵانیان پێگەیاندووە، ئێستا نازانین ئەمانە هاتوون گوایە ژنی کورد زوڵمی لێکراوە و کورد پێشتر ستەمی لێکراوە و دەیانەوێت رەگەزی دیکە بهێنن و تێناگەین ئەم جێندەریزمە چییە و هەڵسوڕێنەرانی دەیانەوێت بەکوێ بگەن."
 
ماوەیەکە لەچەند شار و شارۆچکەیەک هەڵمەتێک بۆ دژایەتیکردنی پرسی جێندەر دەستیپێکردووە و ئەو کەسانەی دژایەتی دەکەن، دەڵێن دژایەتی پڕەنسیپەکانی ئایینی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دەکات، بەشێک لەوانەشی داکۆکی لە جێندەر دەکەن باس لەوە دەکەن پرسەکە دەشێوێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە