حکومەتی عێراق 28 ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی شنگال تەرخان دەکات و قایمقام رەتیدەکاتەوە

23-12-2021
کاوار ساڵح
نیشانەکردن شنگال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوە و هاندانی خەڵکی شنگال بۆ گەڕانەوەیان، حکومەتی عێراق 28 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە شنگال تەرخان کردووە. قایمقامیەتی شنگالیش ئەو پارەیە رەتدەکاتەوە و داوادەکەن پارەکە زیاد بکرێت.
 
سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "پارێزگای نەینەوا یەکێک بووە لەو شارانەی زۆرترین زیانی پێگەیشتووە، بەهۆی ئەو هێرشانەی داعش کردیە سەر پارێزگاکانی عێراق، لەنێویشیاندا شنگال، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی عێراق 28 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەوروبەری تەرخان کردووە".
 
قایمقامیەتی شنگال پێیان وایە ئەو پارە کەمە و لەئاست ئەو وێرانبوونەی شارەکە نییە، جێگری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، "ئێمەش لە پارێزگای نەینەوا پشتگیرییان دەکەین، بەڵام داوامان لێیان کردووە، کەشفێکی دیکە بنێرن تاوەکو بتوانین نۆ ملیاری دیکەیان بۆ تەرخان بکەین، داواکارییشمان ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە، بۆئەوەی هاوکاریی زیاتری پارێزگای نەینەوا و شنگال بکەن".
 
لەبارەی ئەو سێکتەرانەی بڕیارە کاریان تێدا بکرێت، سیروان رۆژبەیانی گوتی، "پارەکە بۆ ئاو، کارەبا، رێگەوبان و نەخۆشخانەیەک تەرخان دەکرێت، ئەو پارەیەش بۆ شنگال بە تەنیا نییە، بەڵکو دەوروبەرەکەشی دەبێت. لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە پرۆژەکان دەکەین، ئێمە پشتگیریی داواکاریی خەڵکی شنگالین، لەوەی لە کاتی پرۆژەکاندا پێشینە بدرێتە خەڵکی شنگال".
 
جێگری پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو شار و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا پارەیان بۆ تەرخان کراوە، کە "زیاتر لە 400 ملیار دینار دەبێت، ئەم پارەیە بۆ پرۆژە وەستاوەکانی نەینەوایە، چونکە بەهۆی شەڕی داعشەوە لە نەینەوا ئەو پارەیە خەرج نەکرابوو، بەڵام پارێزگاکانی دیکە پارەکەیان وەرگرتووە".
 
لەبارەی دۆخی تەناهی شنگال و رەوشی کەمپەکانی چیای شنگال، سیروان رۆژبەیانی باسی لەوە کرد، "ئێستا دۆخی شنگال خراپە، ئێمە چەندینجار داوامان کردووە رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت، تاوەکو ئەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت کێشەکان چارەسەر نابن، چونکە کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو هێزانەیە کە ئێستا دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە