دابەشکردنی پارەی کارمەندانی کۆمیسیۆنی کوردستان دەکەوێتە ساڵی نوێ
رووداو - هەولێر
نزیکەی سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕدەبێت. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دارایی لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان دەڵێت " دابەشکردنی پارەی کارمەندانی گرێبەست دەکەوێتە ساڵی نوێ".
زەردەشت مەلا حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دارایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "لیژنەکەمان وردبینی لە لیستی ناوی کارمەندانی گرێبەست لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک تەواوکردووە و تەنیا چەند کارێک ماوە. بۆیە پرۆسەی دابەشکردنی پارەی کارمەندانی گرێبەست دەکەوێتە کۆتاییەکانی مانگی یەکی ساڵی 2019 ـەوە".
بەگوتەی زەردەشت مەلا حەسەن، دوای چەند رێوشوێنێکی ناو کۆمیسیۆن و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن، دەست بە دابەشکردنی پارەی کارمەندانی گرێبەستی رۆژی دەنگدانی 30-9-2018ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
هەر کارمەندێکی سەر سندووقی دەنگدان 150 هەزار دینار، بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان 175 هەزار و بەڕێوەبەری وێستگە و جێگری بەڕێوەبەر بڕی 200 هەزار دیناریان پێدەدرێت.