رێگری لە بازگەکانی عێراق و نرخی کارەبا بوونەتە هۆی داخستنی ژمارەیەک کارگەی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 3500 کارگە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، بەهۆی رێگری لە چوونی بەرهەمی کارگەکان بۆ پارێزگاکانی عێراق و بەرزیی نرخی کارەبا، کارکردن لە بەشێک لە کارگەکان وەستاوە.
بەگوێرەی ئامارەکە، کە بە رووداو دراوە، 3521 کارگەی گەورە و بچووک لە هەرێمی کوردستان هەن و بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە دابەش بوون: پارێزگای هەولێر 1897 کارگە، پارێزگای سلێمانی 1135 کارگە و لە دهۆکیش 489 کارگە هەن.
ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی کیلۆواتێک کارەبای کارگەکان 144 دینارە. ساڵێکە هەوڵ دەدەین بۆ دابەزاندنی، بەڵام هەوڵەکەمان بێ ئەنجام بووە. ئەوەش بووەتە هۆکاری داخستنی زۆرینەی کارگەکان."
بە گوتەی ئارام بابان، لە 1135 کارگەی سنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە 800یان داخراون؛ گوتیشی، "لەبری دابەزاندنی کرێی کارەبا بۆمان، نرخی کرێی زەوی کارگەکانیان 400% لەسەر زیادکردووین. کارگەیەک ساڵانە چوار ملیۆن دیناری دابێت، دەبێت لەمەودوا 16 ملیۆن دینار بدات."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە کارگەکانی سنووری پارێزگاکە بەهۆی نرخی کارەباوە چوونەتە ئەو ناوچانەی سنووری پارێزگای کەرکووک کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە حکومەتی عێراقن؛ دەشڵێت، "لەوێ کیلۆواتێک کارەبا بۆ کارگەکان تەنیا 60 دینارە".
لە هەولێر 1897 کارگە تۆمار کراون. عەبدولواحید تەها، بەڕێوەبەرى لێکۆڵینەوە و کاروباری رێکخراوەکان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەموو کارگەکان لای ئەوان مۆڵەتیان نییە؛ هەربۆیە بۆیە ئاماری داخستنی کارگەکان نازانن.
عەبدولواحید تەها دەڵێت، "بە بڕوای من، داخستنی کارگەکان تەنیا نرخی کارەبا نییە، بەڵکو رێگری لە ناردنی بەرهەمەکانیانە بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق؛ هەروەها دۆخی بازاڕیش هۆکارە".
بە گوێرەی ئامارەکە، لە پارێزگای دهۆک 489 کارگە تۆمارکراون. شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیکەی 200 کارگەی سنوورەکەمان کار دەکەن؛ هەندێکیش کارناکەن بەتایبەت کارگە بچووکەکان".
شوکری جەمیل دەڵێت، کێشەی داخستنی کارگەکان کرێی کارەبا نییە و هۆکاری سەرەکی رێگرییە لە بەرهەمی کارگە گەورەکان بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کە "کێشەی گەورەی" بۆ خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.