سێیەمین دانیشتنی دادگە لەبارەی سکاڵاى لایەنە ناڕازییەکانى کەرکووک بەڕێوەدەچێت

23-11-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، سبەی سێیەمین دانیشتنی دادگەی کارگێڕیى بەغدا لەبارەی سکاڵای لایەنە ناڕازییەکان بەرێوەدەچێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانیشتنی سبەی دادگەی کارگێڕیى بەغدا، لەسەر سکاڵای لایەنە نارازییەکان لەدژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیى پارێزگای کەرکووکە.
 
هاوکات سەرچاوەیەک لە پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دانیشتنەکەی دادگە لەسەر سێ سکاڵای فراکسیۆنی سیادە، یەک سکاڵای تورکمان و سکاڵایەکی پارتییە. 
 
شەوی 10ـی ئابی 2024، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەکی لە میوانخانەی رەشید رێکخست، کە لە کۆی 16 کەس، 7 کەسی فراکسیۆنی پارتی، تورکمان و لیستی سیادە ئامادە نەبوون، ئەمە بووە هۆی ناڕەزایی ئەو لایەنانە و سکاڵایان تۆمارکرد.
 
یەکەم دانیشتنی دادگە لەبارەی سکاڵای تورکمانەکان لە 7ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، دانیشتنی سوننەکان لە 14ـی هەمان مانگ و، پارتیش لە 16ـی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو.
 
بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەوی 10ـی ئابی 2024 لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە