200 گەنج لە بازاڕی گەنجانی هەولێر بەرهەمەکانیان نمایش کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئیلاف کچێکی 21 ساڵانە، لەگەڵ ئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن داهاتی خۆی، دەستی داوەتە کاری دەستی و کەلوپەلەکانی لە بازاڕی گەنجان نمایشکرد.
ئیلاف دڵشاد، خاوەنکارە و دەڵێت، "هیوادارم یارمەتیمان بدەن تاوەکو ئەو بەرهەمانە بفرۆشین، پشت بە خوا، زۆر حەز دەکەم هەمووی بفرۆشرێت."
ئیلهام دڵشاد، خوشکی ئیلافە خاوەنکارە، ئەویش دەڵێ "ناوم ئیلهامە و نووسەری کتێبی ئیلهامەکانم، نزیکەی 3 مانگ دەبێت کتێبەکەم لە کتێبخانەکان بەردەستە. لە هەولێر و سلێمانی کتێبەکەم بەردەستە؛ بیرمکردەوە کتێبەکەم لە پێشانگە و بازاڕێکی وەها نمایشبکەم".
بەرزی و دوو هاوڕێی دیکەی بە چەند یاریێکی ئەلیکترۆنی لە بازاڕەکە بەشدار بوون. ئەوان یارییە بیانیییەکان دووبارە دیزایین دەکەنەوە و بە بەرگێکی کوردەوارییانە دەیانخەنە بازاڕەوە. یاری مۆنۆپۆلی سلێمانی 5 هەزار دانە، مۆنۆپۆلی هەولێر هەزار دانە و دوایین یاریشیان بە ناوی "من کێم؟" دوو هەزار دانەی خراوەتە بازاڕ.
بەرزی بەهزاد، دەڵێت، "گرنگ نییە شتەکە زۆر تازە بێت، دەتوانی بیرۆکە لە شوێنی دیکەوە وەربگریت و شتێکی تازەی لێ دروست بکەیت، بەڵام دووبارە نەبێت و کەمێک داهێنانی تێدا بێت."
بازاڕی گەنجان لە عەنکاوەی هەولێر بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.
سوکی هۆنگ، یەکێک بوو لە سەردانیکارانی بازاڕەکە و دەڵێت، "بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە و زۆرترین کاری دەستی هونەریی لێرە دەبینین، نەوەی نوێی کورد زۆر بەهرەمەندن و پێموایە دەرفەتێکی زۆرباشە لێرە بەهرەکانیان نیشانبدەن".
لە بازاڕەکە 200 گەنجی خاوەن کار بەشدار بوون. 50 لەو گەنجانە خاوەنی کۆمپانیا، 50ـی دیکەشیان خاوەنی خواردنگە و 100ـی دیکەش لە بواری جیاوازدا کار دەکەن.
بازاڕەکە بە هاوبەشی لەنێوان کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا و کۆمپانیای بابیلۆن، هەروەها بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو رێکخرابوو.