لە دێرسم بەهۆی ناڕەزایی دژی دانانی قەییوم 8 کەس دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی دوو رۆژە لە پارێزگەی دێرسمی باکووری کوردستان، ناڕەزاییەکان لە دژی دانانی قەییوم بەردەوامن و، تائێستا 8 کەس بەوهۆیەوە دەستگیرکراون.
ئەو جارە لە بری شەو، خەڵکی دێرسم بە رۆژ دەستیان بە رێپێوان کرد.
جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسم کە لە کار لادراوە دەڵێت، قەییوم بە دانانی بەربەستی کۆنکرێتی و گرتنەبەری رێکاری تووندی ئەمنی، شارەوانیی کردووەتە بارەگای سەربازی، بەڵام ئەوان هەرگیز سەرناکەون.
جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسم دەڵێت، "ئەوە 100 ساڵە ناهەقی بەرامبەر بەم میللەتە دەکرێت، لە ساڵی 1938ـەوە ئەم میللەتە دەکوژرێت بێ جێ و رێ دەکرێت، لە ساڵی 1980 ئاگریان لەم وڵاتە بەردا، گوندەکانی ئێمەیان سووتاند، لە 1994 ئاگریان لە ماڵی ئێمە بەردا. ماڵی هەژارەکانیان سووتاند. بەڵام ئێمە هێشتا لەسەر رێچکەی باوک و باپیرانمان بەردەوامین و ئێستاش لەسەر رێچکەی باوک و باپیرانمان و رێبەری خۆمان و بیر و باوەڕی خۆمانین. "
خەڵکی دێرسم، لە دانانی قەییوم ناڕازین و دەڵێن ئەوە زەوتکردنی ئیرادەی ئەوانە.
فیرقان ئاسلان، دانیشتووی دێرسم دەڵێت، "دەستیان بەسەر ئیرادەی ئێمە دا گرتووە، ئێمە جارێکی دیکە لێیان وەردەگرینەوە، ئێمە دەست لە دێرسم بەرنادەین."
بەسیمە گۆکسەر، دانیشوویێکی دیکەی دێرسمە و دەڵێت، "قەییوم دزییە، قەییوم زۆردارییە، شارەوانیی ئێمەیان داگیر و تاڵان کردووە."
لەدوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئەمساڵ، لە جۆلەمێرگ و دواتریش لە مێردین، ئێلیهـ ، رووها و ناوچەی ئیسەنیورتی ئیستەنبووڵ قەییوم داندران، دوایینیش 22ـی ئەم مانگە بوو، کە قەییوم بۆ شارەوانییەکانی دێرسم و شارۆچکەی پلوور دانرا.
لەو 7 قەییومەی دانراون، 5 شارەوانییان سەر بە دەم پارتی و دووانی دیکەیان سەر بە جەهەپەن.
لە ساڵی 2016ـەوە سێیەم جارە قەییوم، لەجێی شارەدارییەکانی دەم پارتی، کە درێژکراوەی هەدەپەیە دادەنرێن.