وەزارەتی پلاندانان بۆ هاونیشتمانییانی ناوچە کێشەلەسەرەکان: بەشداربن لە پڕکردنەوەی فۆرمی وردی سەرژمێری

23-11-2024
سۆلین حەمەدەمین
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەماوەی سێ رۆژی قۆناخی دووەمی سەرژمێریدا، زیاتر لە 100 هەزار کەس پەیوەندیی تەلەفۆنییان بە سەنتەری پەیوەندییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێم کردووە، "کە زۆربەیان کاریان لەسەرکراوە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەمشەو (شەممە، 23-11-2024)ـی وەزارەتی پلاندانان "به‌شێكى ئه‌م په‌يوه‌ندیيانه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر گوشارى زۆر له‌سه‌ر هێڵه‌كان نه‌توانراوە وه‌ربگيرێن."
 
وەزارەتەکە جەختیش دەکاتەوە لەوەی له‌ماوه‌ى ته‌نیا 14 رۆژدا "سه‌ره‌ڕاى بوونى ده‌يان ئاسته‌نگى ته‌كنيكى و كێشه‌ى مه‌يدانى، توانرا ئەم قۆناخە بەسەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت."
 
لە بارەی هاونیشتمانیی خەڵکی ناوچه‌كانى سنووری ماده‌ى 140، وەزارەتەکە گوتی،" هەزاران کەس بەخێزانی گه‌ڕانه‌وه‌ زێدى خۆيان بۆ به‌شداريكردن له‌ سه‌رژمێری له‌ شنگال، مەخموور، كه‌ركووك و خانه‌قين و ناوچه‌كانى دیکە، كوردستانیبوونى ئه‌و ناوچانه‌یان دووپاتكرده‌وه‌."
 
وەزارەتی پلاندانان داوا لە هاونیشتمانییانی ناوچەکانی مادەی 140 دەکات "بۆ ته‌واوكردنى ئه‌و ماندووبوون و زه‌حمه‌تییە، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شدارى له‌ قۆناخى پڕكردنه‌وه‌ى فۆرمى سه‌رژمێرى بکەن، چونكه‌ قۆناخى رابردوو ته‌نیا ژماره‌ى خێزان و ئه‌ندامانى نيشان ده‌دا، له‌گه‌ڵ چه‌ند زانيارييه‌كى دیکەی به‌سوود به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى سوودى ته‌واو وه‌ربگيرێت له‌و پرۆسه‌ گه‌وره‌يه،‌ پێويسته‌ فۆرمى وردى سه‌رژمێرى پڕبكرێته‌وه‌."
 
وەزارەتی پلاندانان جەخت دەکاتەوە لەوەی "داوا له‌ هاووڵاتیيانى ناوچه‌كانى ماده‌ى 140 ده‌كه‌ين، ئاماده‌بن بۆ ئه‌و قۆناخه‌ چونكه‌ زۆر گرنگه‌ بۆيان و بۆمان، تاوەكو بتوانين خاڵى سه‌ره‌كیی رێكکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵ جێبه‌جێ بكه‌ين سه‌باره‌ت به‌ له‌يه‌كبه‌ستنى (مقاطعة) داتاكانى سه‌رژمێرى (2024) له‌گه‌ڵ سه‌رژمێریی ساڵى (1957) و دروستكردنى تۆمارى ناوچه‌كانى مادده‌ى 140، كه‌ ده‌بێته‌ بنه‌ماى جياكردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى ره‌سه‌ن له‌گه‌ڵ وافد (هاوردە) و خه‌ڵكى دیکە. بۆيه‌ بوونى ئه‌ندامێكى خێزان له‌و ناوچانه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و فۆڕمه‌ ئێجگار گرنگه‌."
 
بە گوتەی وەزارەتی پلاندانان، "پڕۆسەکە‌ گه‌وره‌يه‌ و پێويسته‌ فۆرمى وردى سه‌رژمێرى پڕبكرێته‌وه‌، تاوەكو بتوانين بارودۆخى ئابوورى، كۆمه‌ڵايه‌تى، په‌روه‌رده‌يى، ته‌ندروستى، ديموگرافى و بواره‌كانى دیکە بزانين، له‌ئه‌نجامدا سوودى يه‌كجار گه‌وره‌ى ده‌بێ بۆ هاووڵاتيیان له‌ رووى دابينكردنى خزمه‌تگوزارييه‌ سه‌ره‌تاييه‌كان و دانانى پلانى پته‌و بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كانى خزمه‌تگوزارى."
 
دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22-11-2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتی کرا، تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمارکرا و، بڕیارە تاوەکو 10ـی مانگی داهاتوو فۆرمی تۆماری خێزان پڕبکرێتەوە، کە تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە هاونیشتمانی و هاووڵاتیان دەکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە