کوردستان
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، 790 قوتابخانەکەی کردەوە.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، 790 قوتابخانەی کردەوە کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق- چین دروستکراون و 44ـیان لە کەرکووکن.
لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق- چین، حکومەتی عێراق وەک قۆناخی یەکەم بڕیاریدا 1000 قوتابخانەی نموونەیی لە عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێن.
لە کۆی ئەو 1000 قوتابخانەیە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23-11-2024) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، 790 قوتابخانەی کردەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا کە وەزیری پەروەردە و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەی بوون، سوودانی گوتی، ئەو قوتابخانانە دەبنە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشەکانی جەنجاڵی نێو قوتابخانەکان و سێ دەوامی. هیواشی خواست ئەو 210 قوتابخانەیەی ماون، دوو مانگی دیکە تەواوبکرێن.
پشکی کەرکووک 44 قوتابخانە بوو، سەرجەمیان تەواوکراون. رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە بەرنامەی بێستووک تۆک ـی رووداو گوتبووی، لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی کەرکووک لەو ژمارەیە تەنیا دوو قوتابخانەیان بۆ ناوچەکوردنیشنەکان بووە.
حەمید غزی، ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رێوڕەسمەکەدا گوتی، دابەشکردن و دروستکردنی ئەو قوتابخانانە لەسەر بنەمای چڕیی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک، دوو دەوامی و سێ دەوامیی قوتابخانە، هەروەها بوونی قوتابخانەی خراپ بووە.
پشک و تەواوبوونی قوتابخانەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە:
بەغدا - رەسافە:
51 قوتابخانە، 38ـیان تەواو بوون
بەغدا- کەرخ:
93 قوتابخانە، 66ـیان تەواو بوون
کەربەلا:
44 قوتابخانە، کە سەرجەمیان تەواو بوون
زیقار:
106 قوتابخانە، 84ـیان تەواو بوون
نەجەف:
40 قوتابخانە، 35ـیان تەواو بوون
بەسرە:
86 قوتابخانە، 73ـیان تەواو بوون
میسان:
52 قوتابخانە، 38ـیان تەواوبوون
واست:
48 قوتابخانە، کە 43ـیان تەواوبوون
موسەننا
53 قوتابخانە، سەرجەمیان تەواوبوون
دیوانییە:
61 قوتابخانە، 51ـیان تەواوبوون
بابل
45 قوتابخانە، 40ـیان تەواوبوون
ئەنبار
51 قوتابخانە، 31ـیان تەواوبوون
دیالە:
56 قوتابخانە، 41ـیان تەواوبوون
سەلاحەدین:
68 قوتابخانە، 42ـیان تەواوبوون
خورماتوو (پارێزگای سەلاحەدین):
10 قوتابخانە، سێیان تەواوبوون
کەرکووک
44 قوتابخانە، سەرجەمیان تەواوبوون
نەینەوا
92 قوتابخانە، 73ـیان تەواوبوون
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، بەم نزیکانە لە چوارچێوەی گرێبەستی سندووقی عێراق بۆ پەرەپێدان، گرێبەستی دروستکردنی 400 قوتابخانە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە واژۆ دەکەن، کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ