رووداو دیجیتاڵ
لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە گەنجان سەردانی دهۆکیان کرد، بە دیاریکراوی لە قەزای سێمێل بۆ ئەوەی بەشداریی لە دەیەمین گەڕی دابەشکردنی خەڵاتەکانی روانگەدا بکەن.
تەمەنی بەشداربووان لەژێر 25 ساڵیدایە و بەربژێرن بۆ بردنەوەی خەڵاتی روانگە لە بوارە جیاجیاکاندا.
محەممەد باقر یەکێک بوو لە بەربژێرانی بردنەوەی خەڵاتەکە، خاوەنکارێکی دانیشتووی بەغدایە. بەو هیوایە هاتووە، خەڵات لە بواری دەستپێشخەریی کاردا بباتەوە.
محەممەد دەڵێت، "ئێمە کەسانی کاریگەر بە کۆمپانیاکان دەگەیێنین. رێکلام لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین. شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو، راستە لەڕێگەی وێبسایتەوە داواکاریمان پێشکێشی روانگە کرد، زانیارییە پێویستەکانمان پڕکردنەوەی، بەڵام ناتوانین بڵێین کە شتەکە ئەوەندە روون بوو بتوانین هەڵسەنگاندن بۆ خۆمان بکەین."
کاردین کاروان، دانیشتووی سلێمانییە، بە داهێنانی زانستی بەشدارە و دەڵێت، "بە داهێنانی زانستی بەشداریم کرد، هەست دەکەم ئەم ساڵ خوشتر دەبێت، چونکە کاتەگۆریی زیاتر هاتوونەتە ناوەوە."
هەروەک چۆن بەشداربووان لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کردبوو، مێوانەکانیش بەهەمان شێوە لە شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بۆ بینینی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان روویان لە دهۆک کرد.
خەڵاتەکان بۆ ئەم ساڵ لە 12 بواری جیاجیادا دابەشکران؛ دەستپێشخەریی کار، داهێنانی زانستی، پرۆگرامسازی، کورتە چیرۆک، هۆنراوە، وێنەکێشان، هونەری ریسایکلین، کورتە فیلم، تاک ژەنینی میوزیک و فۆتۆگرافی.
عەبدولسەلام مەدەنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە لەبارەی جیاوازیی رێوڕەسمی ئەم ساڵ لەگەڵ ساڵانی پێشوودا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێموایە ئەم ساڵ بابەتی گواستنەوەی خەڵاتەکە لە پارێزگایەک بۆ یەکێکی دیکە، جۆرەتیی ئەو بەرهەمەی بۆمان دێت، ئەو رووبەرەی دەتوانین لەخۆبگرین، چونکە پرۆژەکەمان لەسەر ئاستی هەموو عێراقە و لە هەموو لایەکەوە بەرهەممان بۆ دێت. سوپاس بۆ خودا کە ئێستا ناوی روانگە لە بواری گەنجەکان و هێز و تواناکانیان لەسەر ئاستی عێراق یەکەم. کاتێک دەڵێن روانگە، واتە باسی گەنج دەکرێت."
بۆ ئەم ساڵ زیاتر لە 700 بەرهەم لە بەهرە و توانای جیاجیا بۆ روانگە نێردرابوون، تەنیا 36 لەوانە گەیشتنە قۆناخی کۆتایی. بۆ هەر یەک لە 12 خەڵاتەکە براوەی یەکەم، دووەم و سێیەم دیاریکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ