فێستیڤاڵی بەبازاڕکردنی تەحین لە ئامێدی بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی بەبازاڕکردنی تەحین لە ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەچێت، خواست لەسەر تەحینی ئامێدی زۆرە و بەشێکی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت.
فێستیڤاڵەکە رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تشرینی دووەم دەستیپێکردووە و تاوەکو ئەمڕۆ هەینی بەردەوام دەبێت؛ تەحینی 'پرا عیسێ' لە قەزای ئامێدی مێژوویەکی دێرینی هەیە کە بۆ 500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، چەندین ئاش بۆ دروستکردنی تەحین لەو قەزایە هەن، بەرهەمی تەحینەکەیان لە فێستیڤاڵێکدا نمایشکراوە و هەر کیلۆیەکی بە 10 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
سلێمان دەشتانی، 23 ساڵە لە ئاشی تەحیندا کاردەکات. ئەوان بە نۆ قۆناخ کونجی دەکەنە تەحین، هەریەکەیان بە شێوازێکی کوردەواری مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لە دووکانەکاندا ئەو بەرهەمە دەست ناکەوێت، چونکە هەر کە تەحینەکە لە ئاشەکە دەردەچێت، راستەوخۆ فرۆشراوە.
سلێمان دەشتانی، خاوەنی ئاشی تەحینە و دەڵێت، "ئەو تەحینە هەریەکە قورسایی خۆی هەیە، ئەو جۆرەی من هەمە لە بازاڕدا نییە، ئەوەی ئێستا دەیبینن هەمووی فرۆشراوە، لەو کاتەی لە ئاش دەکرێت، ناوی بۆ دەنوسرێت تاوەکو نۆرەیان بەردەکەوێت."
لەنێو فێستیڤاڵەکەی ئامێدی، سێ ژنی ئامێدی تەحینی ئاشەکەیان نمایشکردبوو، ئەوان خۆیان کار لە ئاشەکاندا دەکەن، تەحینەکەیان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشن.
هێلین ئامێدی، یەکێکە لەو خانمانە و دەڵێت، "لەم فێستیڤاڵەدا تەحینی ئێمە لە هەموو تەحینەکانی دیکە جیاوازترە، چونکە خانمانی ئامێدی ئەو کونجییە بەکاردەهێنن کە لە ناوچەی خۆمانە، خۆمان دەیهاڕین و ئامادەی دەکەین و دابەشی دەکەین."
دوای هاتنی سەرۆک بارزانی بۆ ئامێدی، پارێزگاری دهۆک و قایمقامی قەزای ئامێدیی راسپارد ساڵانە فێستیڤاڵی تەحین و بەرهەمی خۆماڵی لەو قەزایە بکرێتەوە.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئێمە دەبینین ساڵ بە ساڵ بەشێوەیەکی رێکخراوتر و جوانتر و بە پاکێتی جوانترەوە بەرهەمەکە پێشاندەدرێت. ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی فرۆشێکی زیاتری هەبێت. بەتایبەت لەلایەن ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئێرە دەکەن. هەندێک. "
لە تەواوی پارێزگای دهۆک ساڵانە دوو هەزار 653 دۆنم زەوی بە کونجی دەچێندرێت، 623 تۆن کونجی بەرهەم دەهێندرێت کە دەکرێن بە تەحینیش 470 تۆن تەحین لێیان بەرهەمدێت.