سەرۆکی جەهەپە لەبارەی دەستماچکردنی خانمە هونەرمەندێکی کورد: پەشیمان نیم

رووداو دیجیتاڵ 

لە چەند رۆژی رابردوودا، پەروین چاکار، هونەرمەندی کوردی باکووری کوردستان کە کۆنسێرتێکی لە ئیستەنبووڵ سازکردبوو، تێیدا سەرۆکی جەهەپە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەو حیزبە و هەدەپ ئامادەی بوون، کاردانەوەی بەدوادا هات.
 
لە کۆنسێرتەکەدا ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، دەستی پەروین چاکاری هونەرمەندی باکووری کوردستانی ماچ کردبوو. ئەم رەفتارەی سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
ئۆزگور ئۆزەل هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ رۆژنامەی جمهورییەت سازداوە؛ لە هەڤپەیڤینەکەدا دەڵێت: "من سەیری کۆنسێرتەکەی پەروین چاکارم کردووە و چەپکەگوڵم داوەتێ. کاتێ تۆ چەپکە گوڵ دەدەیتە هونەرمەندێک، رێزی دەگریت؛ منیش ئەوەم کردووە. من هەرگیز پەشیمان نیم. پەروین یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە زۆرترین دەرکەوتنی لە تەرەتە تیڤیی کوردییە. ئەگەر دەوڵەت بەگ (باخچەلی) لەوە زویرە، با لە تەیب بەگ (ئەردۆغان) بپرسێت: بۆچی پەروین خان لە تەرەتە کوردی دەردەکەوێت؟"
 
ئۆزگور ئۆزەل دەڵێت: "زۆرجار ئەردۆغان دەڵێت کوردستانی عێراق، دیارە بوونی پەروین خانیش ئاماژەیە بۆ دەوڵەتێکی کوردەکان لە تورکیا، وەک گوتراوە. من دەستی هونەرمەندێکم ماچکردووە وەک پێشاندانی رێز، کە گەلی کورد پێی سەربڵندن؛ هیچ پەشیمان نیم."
 
19ی ئەم مانگە هونەرمەندی باکووری کوردستان "پەروین چاکار" لە شاری ئیستەنبووڵدا کۆنسێرتێکی ساز کردبوو و لە کۆنسێرتەکەدا، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دەستی چاکاری ماچ کرد و دواتریش پۆستی لەبارەوە کرد. 
 
ئۆزگور ئۆزەل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس چەند وێنەیەکی کۆنسێرتەکەی بڵاوکردەوە و نووسی، "بەشداریمان لە کۆنسێرتی "شەوێکی ئۆپێرا"دا کرد کە لەلایەن هونەرمەندی بەناوبانگ پەروین چاکار و پیانۆژەن پاولۆ ڤیلا لە شانۆی ئۆپێرای سورەیا لە کادیکۆی ئیستەنبووڵ پێشکێشکرا. هێندەی نمایشەکەی بەڕێزیان، پەیامی ئاشتی و برایەتی و هاوبەشکردنی ئازارەکانمان لە بوومەلەرزەکە لەلایەن چاکارەوە سەرنجڕاکێش بوو". 
 
دوای کۆنسیرتەکە هێرشێکی رەگەزپەرستانەی تووند کرایە سەر چاکار؛ سەرۆکە نوێیەکەی جەهەپەیان تۆمەتبار کرد بەوەی دەستی کەسێكی ماچ کردووە کە وەک داگیرکار دەڕوانێتە دەوڵەتی تورکیا و داوای دەوڵەتی کوردی دەکات. 
 
پەروین چاکار رۆژی دووشەممە لە رێگەی نووسینێکەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کاردانەوەی پیشاندا و نووسی، " لەو شانۆ مێژووییەدا، لە کەشێکی جواندا، بەرهەمەکانم بە زمانەکانی ئەڵمانی، چیکی، ئیتاڵی و فەرەنسی؛ هەروەها بە زمانی دایکی خۆم بە کوردی بۆ بینەرەکانم پێشکێش کرد. گەورەترین مافی منە کە بە زمانی دایکی خۆم گۆرانی بڵێم. پلانم نییە بۆ ئەوە داوای مۆڵەت لە کەس بکەم. پێم باشە بە هونەرەکەم وەڵامی قسەی رەگەزپەرستانە و سووکایەتی بدەمەوە."
 
پەروین چاکار، 17ـی تشرینی دووەم لە ئەنقەرە و 18ـی مانگ لە ئیزمیر کۆنسێرتی هەبوو. بە پێشکێشکردنی کۆنسێرتەکەی ئیستەنبووڵ لە 19ـی مانگ کۆتایی بە زنجیرە کۆنسێرتەکەی لە تورکیا هێنا. 
 
پەروین چاکار ساڵی 1981 لە مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە ئیتاڵیا ئۆپێرای خوێندووە.