تورکیا و پەکەکە ئاماری نوێی شەڕ بڵاودەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، گیانلەدەستدانی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەی خواکوڕک لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. هەپەگە-ش تاوەکو ئێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە بەڵام دەڵێت، لە 48 کاژێردا چوار سەربازی کوشتووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا هاتووە، "هێزەکانی ئاسمانیمان، جموجۆڵی ژمارەیەک تیرۆریستی رێکخراوی جوداخوازی دەستنیشانکردووە و بەهۆیەوە سێ تیرۆریستی لە ناوچەی خواکوڕک لە باکووری عێراقدا لەناوبرد."
رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2023، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە بڵاویکردەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 21-22ـی مانگدا لە ناوچەکانی زاپ و مەتین و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکان لە چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان 11 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا چوار سەرباز کوژراون. هەروەها گورزیان لە پێگەیەکی سەربازیی وەشاندووە.
ئەو شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 772 گەریلا و کوژرانی 112 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 61 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 395 گەریلای راگەیاندووە.