شەوی رابردوو لە فڕۆکەخانەی هەولێر چی روویدا؟
رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن بانگەشەی ئەوە دەکەن هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر، سەرچاوە ئەمنی و مەدەنییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش کە بۆ رووداو قسەیانکرد، زانیاریی جیاواز دەدرکێنن.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو هیچ هێرشێک لە نێو فڕۆکەخانەکە و دەرەوەی فڕۆکەخانەکە رووینەداوە.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەشی کە باس لەوە دەکەن، کە شەوی رابردوو بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە چەند گەشتێکی فڕۆکەخانەکە راگیراون، سەرچاوەیەکی دیکەی مەدەنی لە فڕۆکەخانەکە بە رووداوی گوت: "هیچ گەشتێکی فڕۆکەخانە رانەگیراوە و هەموو شتێک ئاساییە."
ئەمە لە کاتێکدایە گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، رۆژی پێنجشەممە 23-11-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە تۆڵەی غەززە و کردنە ئامانجی هێزەکانیان، بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی هەولێر، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج و راستەوخۆش ئامانجەکەیان پێکاوە."
سەرچاوەیەکی دیکەی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گوتی: "بەڵێ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشکراوەەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانە، بەڵام بە سیستەمی دژە مووشەکی سیڕام وەڵامدراوەتەوە."
تاوەکو ئێستا دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەی هەولێریش هیچ لێدوانێکیان لەبارەی ئەو رووداوە نەداوە.
لەدوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە سەرەتاکانی مانگی ئۆکتۆبەرەوە، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکەنە ئامانج. ئەمریکا دەڵێت، گرووپە چەکدارەکان سەر بە ئێرانن و چەندین جار لە عێراق و سووریا هێرشی کردوونەتەسەر.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی ئەو گرووپانە لە عێراق."
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی حەشدی شەعبی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەی جورف سەخەر، 8 چەکداری حەشد کوژراون و چواریشیان بریندار بوونە.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 60 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا.