قوباد تاڵەبانی: گوشارمان خستووەتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی مووچەخۆرانمان لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت، ''هیوادارم مامۆستایان ئالییەتێکی دیکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بدۆزنەوە و بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن''، گوتیشی، گوشاریان خستووەتەسەر بەغدا بۆ ئەوەی مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 23-11-2023) قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئەرکی هەموومانە چارەسەرێک بدۆزینەوە کە مووچەخۆران بەزووترین کات مووچەکانیان وەربگرن.''
 
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، بەغدا دەبێت پابەندی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بێت، ''چونکە هەرێمی کوردستان پابەندی ئەرکەکانی بووە و مەرجەکانی جێبەجێکردوون.''
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی لە پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت، کە عێراق بە قەرز رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''ئێمە لە ناڕەزایەتیی مامۆستایان و داواکاریی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێدەگەین کە مووچەکانیان دواکەوتووە و تووشی کێشەی دارایی هاتوون، بەڵام ئێستا حکومەتی فیدراڵی دەبێت پابەند بێت و پارەی هەرێمی کوردستان بنێرێت.''
 
رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران، کە تاوەکو ئێستا یەک تریلیۆن و 400  ملیار دینارى  بۆ مانگەکانى ئەیلوول و تشرینى یەکەم ناردووە.
 
''لە داوای مامۆستایان تێدەگەین''
 
سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە دوو مانگە ساڵی خوێندنی 2023-2024 دەستیپێکردووە، تائێستا بایکۆتکردن لە سنووری هەڵەبجە، سلێمانی، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین هەروەها لە کۆیە بەردەوامە و بەشێک لە مامۆستایان داوای وەرگرتنی مووچەی دواکەوتوو و دامەزراندنی هەمیشەیی یان بەگرێبەستبوون دەکەن، قوباد تاڵەبانی لەوبارەوە دەڵێت، ''هیوادارم مامۆستایان ئالییەتی دیکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکەیان بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی قوتابیان زەرەرمەند نەبن و بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن و خوێندن ئاسایی ببێتەوە.''
 
وەک جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، ''ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین لە بابەتی مووچە، حکومەتی فیدراڵییە ستەم لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام گوشارمان خستووەتە سەر بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن و، مووچەی ئەو سێ مانگەی دیکەش کە قەرزدارن (10-11-12)، بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرن.''
 
پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی 
 
دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە لەنێوان یەکێتی و پارتی دەستیپێکردووەتەوە. وەک قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا، کۆبوونەوەکانی نێوان ئەم دوو حیزبە بەردەوام دەبن و پەیوەندییەکانیشیان بە شێوەی پەیوەندیی رکابەرایەتییە، ''بۆیە پێموایە دوای دابڕانێکی زۆر، ئێستا کۆبوونەوەکان دەستیان پێکردووەتەوە و دوای کۆنگرەش، یەکێتی بڕیاری دا سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکان بکات.''
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، لە ماوەیەکی نزیکدا یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆدەبێتەوە ''بۆ ئەوەی کەشوهەوایەکی تەندروستتر لە هەرێمی کوردستان هەبێت، دەبێ رێکارێک بدۆزینەوە کە بتوانین بە ناکۆکییەکانمانەوە بژین. بڕواناکەم رۆژێک بێت، هیچ ناکۆکییەک لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت، چونکە کوردستان پڕە لە حیزب و لایەن، رەنگە بەو جیاوازییانەوە جوان بین.''