رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 10 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، 68 گیانلەدەستدان و چوار هەزار و 940 برینداربوون بە رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ لە ئامەدی باکووری کوردستان، رۆژی 21-11-2023، ئەم داتایەی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوو هەزار و 738 لەو رووداوانە زیانی مادییان هەبووە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی 2022 بە گشتی لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە. هەزار و 919 لەو رووداوانە گیانلەدەستدانی تێدا هەبووە. هەروەها لە 195 هەزار و 11 رووداودا برینداربوون تۆمارکراوە. لەو رووداوە هاتووچۆیانەی ساڵی 2022 بە گشتی دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسیش برینداربوون.
هەروەها بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی تورکیا، لە یەکەمین هەشت مانگی 2023 (کانوونی دووەم تاوەکو ئەیلوولی 2023) 335 هەزار و 111 رووداوی هاتوچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە. لە 573 رووداودا گیانلەدەستدان تۆمارکراوە. هەروەها لە 151 هەزار و 657 رووداودا برینداربوون هەبووە. لە تەواوی ئەو رووداوانەدا هەزار و 946 کەس گیانیان لەدەستداوە و 234 هەزار و 688 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ