کۆڕەک تیلیکۆم: پێشوازیی لە بڕیاری داشکاندنی نرخی کارتی مۆبایل دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاری دا باجی سەر کۆمپانیاکانی گەیاندن بە رێژەی 20٪ کەمبکاتەوە، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، پێشوازیی لەو بڕیارە دەکەن و لە کاتی دیاریکراودا نرخی کارتی مۆبایل کەمدەکەنەوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 22-11-2022یدا بڕیاری دا، نرخی کارتێکی پێنج هەزاری لە شەش هەزار و 250 دینارەوە ببێتە پێنج هەزار و کارتی 10 هەزاریش لە 12 هەزار و 500 دینارەوە ببێتە 10 هەزار دینار.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-11-2022 چاوشین حەسەن، بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، پێشوازیی لەو بڕیارەی حکومەتی عێراق دەکات و، وەکو خۆی و لەکاتی خۆی جێبەجێی دەکات.
 
دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سوپاس و پێزانین بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پشتیوانیی گەورە بوو لە دابەزینی نرخی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت. گوتیشی: "سوپاس بۆ وەزیرانەکان کە دەنگیان بۆ ئەو بڕیارە داوە لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە سەرووی هەموویانەوە محەممەد عەلی ئەکبەر مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، کە سەرجەمیان پشتیوانی ئەو بڕیارە بوون."
 
چاوشین حەسەن گوتی: ئەم بڕیارە، لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە، هەر بڕیارێکیش خزمەتی هاووڵاتی بکات، پێشوازیی لێدەکەین و گوتیشی: "هەرچەندە کاتێکی کەممان لە بەردەمە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکەین".
 
بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری گەیاندن کرد کە رۆڵیان هەبووە لەم بڕیارە و ئاماژەی بەوە کرد، لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا، "ئێمە کارتی پێنج هەزاری، بە پێنج هەزار کەمتر دەدەینە بریکارەکانمان و دەبێ ئەوان بە 5000 دینار بیفرۆشن."
 
وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت، لە 1-12-2022وەوە کار بە بڕیاری کەمکردنەوەکە دەکەن. 
  
لە ساڵی 2015ـەوە بەپێی یاسای بودجە، بە رێژەی 20% باجی سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق زیادکرا و لە یاسای بوودجەدا جێگیر کرا.
  
وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت، لە بنەڕەتدا پێویست بوو زیادکردنی ئەو 20%ـەی باجی سەر کارتی مۆبایل کۆمپانیاکان بیدەن، نەک خەڵکی هەژار. دەشڵێت، "بەڵام ئەوکات هاووڵاتییان هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەیان هەبوو کە لەپاڵ دەوڵەت وەستانەوە و لە گیرفانی خۆیان ئەو باجەیان دا، بۆیە ئێستا پێویستە وەڵامێکی جوانی هاووڵاتییان بدەینەوە."
 
رۆژی 7-12-2022، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانی لە هەنگاوی دابەزاندنی نرخی کارتی ئینتەرنێت و مۆبایل کرد. کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن ئەوکات گوتی: "ئێستا بارودۆخی دارایی عێراق باشە و نرخی نەوت بەزربووەتەوە و داهات باشە، بۆیە کار بۆ ئەوە دەکرێت باج لەسەر کارتی مۆبایل هەڵبگیرێت."