ئەنجوومەنی ئاسایش: 107 گەورەبازرگانی مادە هۆشبەرەکانمان دەستگیرکردووە


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دامەزراوەکانیان 107 گەورەبازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و 481 کەسیان بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرەکان دەستگیر کردووە، هەروەها دەستیان بەسەر  نزیکەی 381 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و 110 شیت حەبی هۆشبەردا گرتووە.
 
رۆژی چوارشەممە 23-11-2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و راگەیاند، "لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پێناو سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، لە 20ی ئەیلوولی 2022 تاوەکو 20ی تشرینی دووەمی 2022 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش توانرا 107 گەورەبازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و 481 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەکان دەستگیر بکەن."
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا دەستیان بەسەر نزیکەی 381 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و 110 شیت حەبی هۆشبەردا گرتووە.
 
مادە هۆشبەرەکانیش پێکهاتوون لە: 10 کیلۆ و 596 گرام کریستاڵ، 876 گرام هیرۆین، یەک کیلۆ و 881 گرام حەشیش، 177 گرام جامایکا. 71 گرام ماریجوانا، 367 کیلۆ و 240 گرام حەبی هۆشبەر لە جۆری کێپتاگۆن، 110 شیت حەبی ترامادۆڵ. 8 مەرکان لە رووەکی چێندراوی ماریجوانا، هەروەها دوو ئامێری گەورەی جلشۆر، کە 367 کیلۆ و 240 گرام حەبی هۆشبەر لە جۆری کێپتاگۆنی تێدا شاردرابووەوە.
 
سەبارەت بە تۆمەتبارەکانیش، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سەرجەم تۆمەتبارەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەر کراون.
 
بەپێی ئامارێکی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، لە سێ ساڵ و شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، دەستبەسەر هەزار و 217 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و پێنج هەزار و 419 کەسیش دەستگیرکراون؛ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا رۆژانە زیاتر لە پێنج کەس بەهۆی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیركراون.