خوێندکار و مامۆستایانی زانکۆی کوردستان لە سنە: درێژە بە مانگرتن دەدەین

24-11-2022
ناسر پیرۆتی
لە سنە هێزەکانی سوپای پاسداران تەقە لە قوتابییان دەکەن
لە سنە هێزەکانی سوپای پاسداران تەقە لە قوتابییان دەکەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی کوردستان لە سنە ئەمڕۆش لە مانگرتن بەردەوام بوون و مامۆستاکان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، مانگرتنەکەیان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی مامۆستا و خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد دەکرێن.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ لە مانگرتنی مامۆستا و خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستاندا خوێندرایەوە، سەرکۆنەی دەستگیرکردنی مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆکە کرا و بە "ناڕەوا"یان دانا و داوایانکرد "هەر جۆرە بانگ کردنێک، لێکۆڵینەوەی ئەمنی، دەستبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لە مامۆستا، فەرمانبەر و خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستان لەلایەن دامودەزگاکانی دەرەوەی زانکۆوە" رابگیرێت.
 
لە ماوەی رابردوودا خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستان لە سنە زۆر جار پشتگیرییان لە خۆپێشاندەران و داواکارییەکانیان کردووە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
 
دامەزراوە ئەمنییەکان بە تووندوتیژی و بەکارهێنانی گازی فرمێکسڕێژ و دەستگیرکردن، وەڵامی داواکاریی خوێندکارەکانیان داوەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە دوای ئەوەی مامۆستاکانی زانکۆی کوردستان وتارەکانیان پێشکێشکرد، جەمیل بەهرامی، مامۆستای زانکۆ و چەندین کەسی دیکە لە مامۆستاکان و ئەوانەی وتاریان پێشکەش کرد، دەستبەسەر کران.
 
چەند رۆژ لەمەوبەریش رەحمەت سادقی، سەرۆکی زانکۆی کوردستان دەستی لەکار کێشایەوە. خوێندکارەکانی ئەو زانکۆیە دەڵێن، رەحمەت سادقی رێگەی نەدەدا دامەزراوە ئەمنییەکان بچنە نێو زانکۆ و بەرەنگاری خوێندکاران ببنەوە، بۆیە لەژێر گوشاری لایەنەکانی دەرەوەی زانکۆدا ناچار کراوە دەست لەکار بکێشێتەوە.
 
وەک ناڕەزاییەک لە دژی ئەو گوشارانە، ئەمڕۆش دیسان مامۆستا و خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەوان دەڵێن: بەپێی دەستووری ئێران خوێندکار، مامۆستا و فەرمانبەر مافی رەخنە و ناڕەزایەتییان هێمنانەیان هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە