ئاسیاسێڵ: ئامادەین بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاری دا باجی سەر کۆمپانیاکانی گەیاندن بە رێژەی 20٪ کەمبکاتەوە، کۆمپانیای ئاسیاسێل رایگەیاند، وێڕای دەستخۆشی لە حکومەت، ئامادەن لە وادەی خۆیدا نرخی کارتی مۆبایل کەمبکەنەوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 22-11-2022یدا بڕیاری دا، نرخی کارتێکی پێنج هەزاری لە شەش هەزار و 250 دینارەوە ببێتە پێنج هەزار و کارتی 10 هەزاریش لە 12 هەزار و 500 دینارەوە ببێتە 10 هەزار دینار.
 
لەبارەی ئەو بڕیارەی حکومەتەوە، هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سوپاس و پێزانین بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پشتیوانیی گەورە بوو لە دابەزینی نرخی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت. گوتیشی: "سوپاس بۆ وەزیرانەکان کە دەنگیان بۆ ئەو بڕیارە داوە لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە سەرووی هەموویانەوە محەممەد عەلی ئەکبەر مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و چالاکییەکانی کۆمەڵگە، کە سەرجەمیان پشتیوانی ئەو بڕیارە بوون، کە خزمەت بە چینێکی فراوانی گەلی عێراق دەکات لە هەژاران و ئەوانەی داهاتیان سنوودارە. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-11-2022 کۆمپانیای ئاسیاسێڵ راگەیێندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکە دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی بەشداربووان و گوتیشی: "بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە لابردنی ئەو باجی فرۆشتنەی خرابووە سەر کارتەکانی پڕکردنەوە کە بڕەکەی (%20) بوو، لە 1ی كانوونی یەکەمی 2022 ــەوە، ئەنجوومەنی ناوبراو کۆمسیۆنی گەیاندن و راگەیاندن 'CMC'ی راسپارد بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە".
 
لە راگەیێندراوەکەی کۆمپانیای ئاسیاسێڵدا هاتووە: "ئاسیاسێڵ ئامادەیی تەکنیکی و رێکخراوەیی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە کە ئاسیاسێڵ چەندین ساڵە کاردەکات بۆ پەسندکردنی لە رێگەی پێشکێشکردنی چەندین داواکاری و گفتوگۆکردنی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن".
 
وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت، لە 1-12-2022وەوە کار بە بڕیاری کەمکردنەوەکە دەکەن. 
  
لە ساڵی 2015ـەوە بەپێی یاسای بودجە، بە رێژەی 20% باجی سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق زیادکرا و لە یاسای بوودجەدا جێگیر کرا.
  
وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت، لە بنەڕەتدا پێویستبوو زیادکردنی ئەو 20%ـەی باجی سەر کارتی مۆبایل کۆمپانیاکان بیدەن، نەک خەڵکی هەژار. دەشڵێت، "بەڵام ئەوکات هاووڵاتییان هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەیان هەبوو کە لەپاڵ دەوڵەت وەستانەوە و لە گیرفانی خۆیان ئەو باجەیان دا، بۆیە ئێستا پێویستە وەڵامێکی جوانی هاووڵاتییان بدەینەوە."
 
رۆژی 7-12-2022، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانی لە هەنگاوی دابەزاندنی نرخی کارتی ئینتەرنێت و مۆبایل کرد. کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن ئەوکات گوتی: "ئێستا بارودۆخی دارایی عێراق باشە و نرخی نەوت بەزربووەتەوە و داهات باشە، بۆیە کار بۆ ئەوە دەکرێت باج لەسەر کارتی مۆبایل هەڵبگیرێت."