وەزارەتی خوێندنی باڵا: مەرجی مانەوەی بەردەوام بۆ خوێندکارانی ئێران رەچاو ناکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دۆخی ئەمنیی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بڕیاریدا "مەرجی مانەوە بەشێوەی بەردەوام" رەچاو نەکرێت و، ئەو ماوەی خوێندکاران لە هەرێمی کوردستان بەسەری دەبەن پێویستە لە داهاتوودا قەرەبووی بکەنەوە، وەکو تەواوکەری ماوەی پێویستی مانەوە.
رۆژی چوارشەممە 23-11-2022، نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی ئەو خوێندکارانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەخوێنن بڵاوکرایەوە.
لە نووسراوەکە ئەم بڕیارانە دراون:
یەکەم: خوێندنی ئۆنڵاین رێگەپێدراو نییە.
دووەم: هەر کەسێک بیەوێت لەم کۆرسە خوێندنەکەی دوابخات رێگەپێدراوە.
سێیەم: تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە مەرجی مانەوە بەشێوەی بەردەوام لە وڵاتی ئێران رەچاو ناکرێت.
چوارەم: ئەو ماوەی خوێندکاران لە هەرێمی کوردستان بەسەری دەبەن پێویستە لە داهاتوودا قەرەبووی بکەنەوە، وەکو تەواوکەری ماوەی پێویستی مانەوە.
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز کە بە گوتەی باوکی دوای دەستگیرکردنی کوژراوە، زیاتر لە دوو مانگە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، لە ئەنجامدا نزیکەی 400 کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.